رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە دوێنێ دوایین رۆژی دابەشکردنی مووچە بوو بەپێی لیستی مووچە، بەڵام بەهۆی خانەنشینبوونی پارێزگار و جێگرەکەی، فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرت. فەرمانبەرێکی پارێزگاکە دەڵێت، ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن.
ئەردەڵان سەڵاح، فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-02-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بە واژۆی ئازاد تۆفیق (پارێزگاری خانەنشین بووی هەڵەبجە) کێشەی دابەشنەکردنی مووچە چارەسەر کرا."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای واژۆکەی ئازاد تۆفیق، فەرمانبەران چەکی مووچەیان بردووەتە بانک بۆ ئەوەی ئەمڕۆ مووچەکەیان وەربگرن.
دوێنی، بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "بەهۆی نەبوونی پارێزگارەوە، نەتوانراوە مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای هەڵەبجە دابەش بکرێت؛ چونکە واژۆی ئەوی دەوێت."
لە 26ـی مانگی رابردووەوە، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و شاهین رەزای جێگری، خانەنشین بوون. تاوەکو ئەمڕۆ کەس لە جێگەیان دانەنراوە.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ