شاندەکەی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

11-02-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەبارەی "بودجە، نەوت، ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان" گفتوگۆ دەکەن. 
 
ئەمڕۆ شەممە 11-2-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندەکەیان بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتێک "لەسەر ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا." گوتیشی: "لەبارەی دۆسیەی بودجە، دۆسیەی نەوت و گاز، ماددەی 140 و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتانە کە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق گیراونەتەبەر."
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێكهاتوون، لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بڕیارە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق ئەنجام بدەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراو کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە