سەرۆکی شارەوانیی شاوێس: 64 مۆڵەت بۆ دروستکردنی خانوو لە زەوی سندووقی تەواوکراون

10-12-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن شاوێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی شاوێس رایدەگەینێت، تائێستا نزیکەی 100 داواکاریی زەوی سندووقییان پێشکێشکراوە و 64 مامەڵەیان مۆڵەتیان پێدراوە و تەواوکراون. دەشڵیت، ئەمساڵ بە گوژمەی نزیکەی 700 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنووری شارەوانیی شاوێس جێبەجێکردووە.
 
ئەندازیار زەندی جەبار، سەرۆکی شارەوانیی شاوێس، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند لەدوای دەستپێکردنی پێشکشێکردنی داواکاری بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی تاوەکو ئێستا لە سنووری شاوێس نزیکەی 100 داواکاری لەلایەن هاونیشتمانیانەوە پێشکێشکراوە.
 
سەرۆکی شارەوانیی شاوێس گوتی، لە کەڵەکین، زیاتر لە 60 داواکاری پێشکێشکراوە و رەزامەندی و مۆڵەتی 56 داواکارییان تەواو کراون و رێگە بە هاونیشتمانیان دراوە بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بکەنە خانوو، هەروەها لە شاوێسیش 38 داواکاری پشێکێشکراوە و 8 داواکارییان تەواوکراوە و مۆڵەتیان پێدراوە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لە رێگەی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، گلەیی ئەوە دەکەن "مامەڵە و داواکارییەکانیان کاتی زۆری پێدەچێت و رۆتینیاتی کارگێڕی زۆرە."
 
سەرۆکی شارەوانیی شاوێس دەڵێت،" کێشەی ئەوەی مامەڵەکان بەزوویی تەواونابن، ئەوەیە رێکارە کارگێڕییەکان رۆتیناتی زۆرە و تەنیا لای شارەوانی نییە، ئەگەر ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە لە ناحیە [نوێنەری ناحیە، کشتوکاڵ، تۆماری خانووبەرە، شارەوانی] هاوکارمان بێت، لەماوەی دوو هەفتە هەموو مامەڵەکان تەواو دەکەین."
 
لەبارەی بڕی خەمڵاندنی نرخی زەوییە سندووقییەکان ئاماژەی بەوەکرد، خەمڵاندنی زەوییەکان بەگوێرەی سنوورەکان دەبێت و 10٪ـی زەوییەکان لەسەری هەژمار دەکرێت.
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ لە سنووری شاوێس جێبەجێکراو، زەندی جەبار ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بە گوژمەی نزیکەی 700 ملیۆن دینار چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییان لە گەڕەکەکانی شاوێس جێبەجێکردووە لەوانە؛ پرۆژەی دروستکردنی شۆستە و کۆنکرێتکردنی شەقامەکان، دروستکردنی ئاوەڕۆ، فراوانکردنی شەقام لە گەڕەکەکانی بەهاری نوێ، ئازادی، شارەوانی نوێ، ئەیلوول.
 
گوتیشی، هەموو گەڕەکەکان تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان پێگەیشتووە، بەڵام لە بەشێک لە گەڕەکەکان کێشەی ئاوەڕۆمان هەیە.
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژارەوە کردووە و دەڵێن "شەقامی پێش کارگەی لوقم و گەڕەکی ئازادی تاوەکو ئێستا قیرتاو نەکراوە، هەروەها گەڕەکی بەهاری نوێ و گەڕەکی قەرەبوو کێشەی خزمەتگوزارییان هەیە."
 
سەرۆکی شارەوانیی شاوێس دەڵێت، هۆکارەکەی ئەوەی تائێستا شەقامی پێش کارگەی لوقم و گەڕەکی ئازادی قیرتاو نەکراوە ئەوەیە پێشینە بۆ بەڵێندەرەکە خەرج نەکراوە، بۆیە هێشتا قیرتاو نەکراوە، ئەو گەڕەکانەشی خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە، "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین".
 
دەشڵێت، بۆ ساڵی 2024، بەگوێرەی پلانی بەردەستمان، جووتسایدی شاوێس تەواو دەکەین، کە نزیکەی سێ ملیار دیناری تێدەچێت و رێگەی گوندی شاوێسیش چاکدەکەینەوە.
 
بەگوێرەی ئامارێکی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، مانگی رابردوو 28 هاونیشتمانی بەهۆی گەستنی سەگەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر کراون. 
 
سەرۆکی شارەوانیی شاوێس دەڵێت،" ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە و بەرەڵا لە سنووری شاوێسدا هەن و پێویستە چارەسەر بکرێت. پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێرەوە کردووە بۆ ئەوەی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی سەگ لە سنووری شارەوانی ئێمەش ئەنجامبدەن، بەڵام پێمان دەڵێت، سەگەکان کۆبکەنەوە و بینێرنە سنووری هەولێر بۆ ئەوەی بیانبەینە شێڵتەر."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.