رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای دەکات، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە دژی حەشارگەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەستپێکردووە و دەشڵێت، "دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە."
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 10-12-2023 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەناوی "قارەمانەکان"ە و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان کردوویانە. ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچە شاخاوی و دوورەدەستەکانی شرنەخ، سێرت، مەرەش، ئامەد، دێرسم، مێردین، جۆلەمێرگ، چەولیگ، وان، ئاگری و ئەرزەڕۆم لە باکووری کوردستان کراوە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 78 جبەخانە، حەشارگە، ئەشکەوت و تونێلی گەریلاکانیان خاپوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر 29 ئاڕپیجی و 44 مووشەک، 5 مینی دژەتانک، تۆپهاوێژێکی 155 ملیم، دژە تانکێک لە جۆری AT-4، 120 کگم نیتراتی ئەمۆنیۆم، 13 نارنجۆک، 10 بۆمبی دەستکرد، 1 بیکەیسی، رۆکێتی 40 ملم دژە زریپۆش، رۆکێتهاوێژێکی 160 ملم، 6 کڵاشینکۆڤ، یەک قەناس، تفەنگێکی G-3، تفەنگێکی M-1، تفەنگێکی 6M-1، 84 بوتڵی غاز، 815 مەتر وایەری بۆمبی دەستکرد، 3795 فیشەک، 3 دووربین، 6 بیتەل و بڕێکی زۆر خۆراکی ئامادە و ژمارەیەکی زۆر جلوبەرگی زستانەدا گیرا.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2023 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کوژرانی سەربازێک بەناوی سەمەد بێکتاش بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "قارەمانەکان" بڵاوکردەوە.
رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کوژرانی دوو سەربازی تورکیا لە پێکدادانێکیان لە دژی هێزەکانی جەندرمە لە بەرزاییەکانی نزیک لە شارۆچکی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش کوژرانی سێ سەربازی راگەیاندبوو.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 258 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 633 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانە گیراوە. لە بەرامبەردا 23 سەرباز کوژراون. هەپەگە-ش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 57 سەرباز و گیانلەدەستدانی 43 گەریلای راگەیاندووە.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان روویدا و تا نیسانی 2016ی خایاند. لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا حەوت زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن، ئابڵوقە و قارەمانەکان" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ