رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ ساڵە خەڵکی شنگال چاوەڕێی وەرگرتنی قەرەبووکردنەوەیانن لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە بەریانکەوتووە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێت، بەم نزیکانە قەرەبوو دەکرێنەوە.
غەزالە لە ساڵی 2014 وەکو زۆربەی خەڵکی شنگال بەتەواوی ماڵ و موڵکی بەجێهێشتبوو. باری داراییان خراپە و چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەیەتی بەهیوای ئەوەی لەو دۆخە نامەهوارە رزگاری ببێت.
غەزالە حەیدەر دەڵێت: "ئەو کاتەی داعش هات ماڵەکانیان خراپکردین، کەلوپەلەکانی ماڵەوەمانیان هەمووی برد. دەمانەوێت هەموومان قەرەبوو بکرێینەوە. هەموومان لە هەمان بارودۆخداین. دەمانەوێت هاوکاریمان بکرێت. هیچمان نەماوە."
ئەو زیانەی بەر ماڵەکان کەوتووە تەنیا 50٪ـی تۆماردەکرێت. هاونیشتمانییانیش گلەیی دەکەن لەوەی ئەو بڕە پارەیەی بەسەریان دا دابەش دەکرێت، کەمە.
عەلۆ حاچم دانیشتووەکی دیکەی شنگالە و دەڵێت: "سوێند بەخوا [ساڵی 2014] هەموومان رامانکرد، بەڵام هیچیان بۆ نەکردین. هیچ قەرەبوو نەکراوینەتەوە. ماڵمان وێران بوو."
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکرای دەکات لە ماوەیەکی نزیکدا پارەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال خەرج دەکرێت.
عیدان شڤان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: "سەردانی زۆر فەرمانگەی شنگالمان کرد و گوێمان لە کێشە و نەهامەتییەکانی خەڵکی گرت. بابەتەکانمان بە جدی وەرگرت و لە فەرمانگەکان گەڕاین. یەکێک لەوانە فەرمانگەی قەرەبووکردنەوە بوو. ئەم بابەتە لە ساڵی 2021ـەوە کراوەتەوە. ئەوانەی داواکارییان پێشکێشکردووە خەڵکی شنگال، موسڵ و تەلعەفەر بوون. واتە هەموو ناوچەکانی سەر بە نەینەوا کە دەکەونە سەنتەری موسڵ و دواتر بەگوێرەی ریزبەندیی پیتەکان نووسراویان بۆ دەکرێت و دەنێردرێتە وەزارەتی دارایی لە بەغدا."
لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە بۆ سەر شنگال ژێرخانی ئابووریی شنگال لەنێوچوو و سەنتەری قەزاکە بەرێژەی 80٪ و سنووری شنگال بە رێژەی 70٪ وێرانکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ