پەرلەمانتارێکی کوردستان: دوو رۆژنامەنووسەکەی بوار دوو سکاڵایان لەسەرە

10-10-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی دەزگای میدیایی بوار رایگەیاند، دوو رۆژنامەنووسیان لە رێگەدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی بێسەروشوێنبوون، چەند کەسێک سەردانیان کردن کە لە ئاسایشی سلێمانین. پەرلەمانتارێک کە سەردانی هەردوو دەستگیرکراوەکەی کردووە دەڵێت، دوو سکاڵایان لەسەرە.
 
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 10-10-2022، بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هەردوو رۆژنامەڤانە دەستگیرکراوەکەمان لە ئاسایشی سلێمانی بینی؛ ئەوان دوو سکاڵایان لەسەر بووە؛ یەکێکیان سکاڵای دژە تیرۆرە و ئەوی دیکەش سکاڵای وەزارەتی داراییە." 
 
بە گوتەی بەدریە ئیسماعیل، ئەو رۆژنامەڤانانە پێشتر لەسەر سکاڵا لە دژیان ئاگادار نەکراونەتەوە و دوێنێ لە قەزای کۆیە دەستگیرکراون؛ گوتیشی: "هەردوو رۆژنامەڤانەکە تەندروستییان باشە و کێشەیان نییە."    
 
لە وێنەیەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، هەریەکە لە بەدریە ئیسماعیل؛ دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ؛ کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەگەڵ هەردوو رۆژنامەڤانەکە دەرکەوتوون. 
 
شەوی رابردوو دەزگای میدیایی بوار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەریەك لە سەرتیپ وەیسی قەشقەیی، سەرنووسەری دەزگای میدیایی بوار و ئیبراهیم عەلی، بەڕێوەبەری نووسینی دەزگاكە بۆ كارێكی رۆژنامەڤانی لە هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی بەڕێكەوتبوون و "چارەنووسیان نادیارە." 
 
رۆژی دووشەممە، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەدواداچوونمان بۆ دۆسییەکە کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کە هەردوو رۆژنامەڤانەکە لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن." 
 
رەحمان غەریب "نیگەرانی"ی لە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو رۆژنامەڤانە دەربڕی و گوتیشی: "کەیسەکەمان بەلاوە گرنگە و بە وردی چاودێری دەکەین؛ پارێزەری خۆمان دەنێرین بۆ ئاسایش بۆ زانینی هۆکاری دەستبەسەرکردنیان." 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا بوار میدیا رایگەیاندبوو: "ئەوەی بووەتە جێگەی گومانی ئێمە لە دەزگای میدیایی بوار، كاژێر 21:24 خولەكی [شەوی رابردوو] لە رێگەی ئەكاونتی ئیبراهیم عەلی، هەژمارێکی دیکە كە ناوی لای ئێمە پارێزراوە كراوەتە ئەدمین لە دەزگای میدیایی بوار لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووک." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو.

دوای پێنج کاژێر لە دەستگیرکردنیان تیمەکەی رووداو لە مەخموور ئازادکران

بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.