رووداو دیجیتاڵ
نەوەی نوێ دوو پۆستی دیکەی لە حکومەتی نوێی عێراق وەرگرت، کە یەکێکیان بریکاری وەزارەتێکە و ئەوی دیکەش راوێژکاری وەزارەتە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نەوەی نوێ، ئەمڕۆ چوارشەممە 14-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عومەر مامەکوردە وەکو بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق دەستنیشان کرا."
عومەر محەممەد مەغدید، ناسراو بە عومەر مامەکوردە، یەکێکە لە کادرە دیارەکانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری هەولێر.
هەر ئەمڕۆ ئومێد محەممەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، وەکو راوێژکار لە وەزارەتی ژینگەی عێراق دەستبەکار بوو.
ئومێد محەممەد لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: "بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەکو راوێژکار لە وەزارەتی ژینگە دەستبەکار بووم".
پێشتر و لە چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، لە 14ی ئایاری ئەم ساڵ، سروە عەبدولواحید لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە وەزیری ژینگەی عێراق.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، کە لە 10-10-2025 بەڕێوەچوو، نەوەی نوێ سێ کورسی بە دەستهێنا.

