رووداو - هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ لە سێ قۆڵی باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاواو بە تایبەتیش لە رۆژهەڵاتی شاری كۆبانێوە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) هێرشیان كردووەتە سەر ئەو كۆبانێ و جێگری دەستەی جێبەجێكاری كانتۆنی كۆبانێش دەڵێ "ئەگەر رەوشەكە بەوشێوەیە بەردەوام بێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە لە كۆبانێ روودەدات". خالید بەركەل، جێگری دەستەی جێبەجێكاری كانتۆنی كۆبانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەكانی چەكدارانی داعش زۆر دڕندانەن و دوور لە هەر ئەخلاقێكی مرۆڤایەتین و بە تۆپ و تانك گەڕەكەكان وێران دەكەن" . بەركەل گوتیشی: "ئەگەر رەوشەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت كۆمەڵكوژییەكی گەورە لە كۆبانێ روودەدات". ئاماژەشی بەوە كرد كە تاوەكو ئێستاش بە هەزاران خەڵكی مەدەنی لەنێو كۆبانێ ماون و مەترسی كۆمەڵكوژییان لەسەرە. بەركەل ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش كردو گوتی: "هێرشی فڕۆكەكان كاریگەرییەكی زۆری هەبووە، بەڵام نەتوانراوە وەكو پێویست پێش لە هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر كۆبانێ بگرێت". بەمەبەستی دەربازكردنی ئەو خەڵكەی لە كۆبانێ ماون و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانیداوە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بەڕووی ئاوارەكانی كۆبانێ بكرێتەوە بۆ ئەوەی دەربازی باشووری كوردستان ببن. عەبدولوەهاب محەممەد عیسا، بەڕێوەبەری ئاسایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە لەسەر فەرمانی بارزانی لە ئێستادا سنوورەكە كراوەیە بۆ ئەو ئاوارانەی كۆبانێ كە دەیانەوێت دەربازی باشووری كوردستان ببن. ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەمڕۆ زیاتر لە 500 كەس لەو دەروازەیەوە دەربازی باشووری كوردستان بوون.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست17-06-2026نەعیم قاسم: رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورەیە و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ لوبنان