رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، ئەمڕۆ گەرمترین رۆژەکانی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ دەبێت و بەرزترین پلەکانی گەرمای تۆمارکراو لە ناوچەی گەرمیان دەبێت کە دەگاتە 46 پلەی سیلیزی. دەشڵێت لە سبەینێوە پلەی گەرما دادەبەزێت و تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە زیاتر لە 5 پلە دادەبەزێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان کاریگەر دەبێت بە شەپۆلێكی گەرما کە روو لە ناوچەکە دەکات و عێراق و سووریاش دەگرێتەوە، بەهۆیەوە ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لەو مانگەدا تۆماردەکرێت و لە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقین دەگاتە 46 پلەی سیلیزی و لە سەنتەری شارەکان 40 پلە و بەزرتر دەبێت، بەڵام لە حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر نزمترین تۆماردەکات کە 32 پلە دەبێت."
بە گوتەی ئەو کەشناسە لە سبەی چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، لە ئەنجامی هاتنی ھەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەکە پلەی گەرما بە جیاوازی ناوچەکان دوو بۆ سێ پلە نزمدەبێتەوە و رۆژانی داھاتووش بۆ سەرەتای ھەفتەی ئایندە کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە زیاتر دەبێت و پلەی گەرما تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بە ناجێگیری لەنێوان بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدا دەبێت، بەڵام هیچ رۆژێکیان هێندەی ئەمڕۆ بەرز نابێت.
ئاراس جەبار گوتی، لە ناوەراستی ھەفتەی داھاتووەوە و بەدیاریکراوی لە رۆژی دووشەممە، 16ـی ئەیلوولەوە هەرێمی کوردستان کاریگەر دەبێت بە ھەوای فێنک و نزمبوونەوەی پلەی گەرما. هەروەها تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەبەراورد بە مانگی ئابی ئەم ساڵ پلەکانی گەرما زیاتر لە پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت و لە مانگی داهاتووش زیاتر دادەبەزێت.
بەپێی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، پلەی گەرما بەبەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ دووشەممە، یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
- هەولێر: 43 پلە
- سلێمانی: 41 پلە
- دهۆک: 41 پلە
- کەرکووک: 44 پلە
- هەڵەبجە: 42 پلە
- زاخۆ: 41 پلە
- حاجی ئۆمەران: 32 پلە
- سۆران: 39 پلە
- گەرمیان: 45 پلە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ