وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئایاری راگەیاند

10-06-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی راگەیاند و بەپێی لیستەکە، لە سبەی سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
بەگوێرەی لیستەکە، سبەی سێشەممە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
 
هەروەها رۆژی 13ـی حوزەیران بە دابەشکردنی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە پرۆسەکە دێت.
 
لیستەکە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تێدا نییە؛ بەگوێرەی وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە وردبینی بۆ ناوەکانیان دەکرێت و ئەگەر فریا بکەون بەر لە جەژنی قوربان، مووچەی ئەوانیش دابەش دەکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە و دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خراوەتە سەر هەژماری بانکییان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
رۆژی 6-6-2024، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە لەگەڵ شایستەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، چاودێری، گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، شایستەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گرێبەستەکان و شایستەی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە چوارچێوەی شایستەی دارایی مانگی ئایار(5)ی ساڵی 2024 دا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە