بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بۆ بەڵێندەران دامەزراوە و ئەوەی خۆی تۆمار نەکات ناتوانێت پڕۆژە وەربگرێت

10-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەران دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی دابینکاران کراوەتەوە کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، کاری رێکخستنەوەی کۆمپانیا بازرگانی و بەڵێندەرایەتییەکانە. هەر کۆمپانیایەکیش لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا خۆی تۆمار نەکردبێت، ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەک وەربگرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 10-03-2025 د. سەرۆ دزەیی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێی بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی دابینکاران کردووەتەوە، کە تایبەتە بە سەرجەم کۆمپانیا بازرگانی و بەڵێندەرایەتییەکان، کە لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا کۆمپانیاکان بە سیستم دەکرێن و کارەکانیان رێکدەخرێت."
 
د. سەرۆ دزەیی ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو مانگی 5ی ساڵی داهاتوو مۆڵەتی خۆتۆمارکردن هەیە لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا، کارەکەشی بریتیی دەبێت لە چاودێریکردنی کاری بەڵێندەران و کوالێتیی کار و پڕۆژەکانیان. هەر کۆمپانیایەکیش لەو بەڕێوەبەرایەتییەدا خۆی تۆمار نەکردبێت، ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەک وەربگرێت و کاری بەڵێندەرایەتی بکات، ماوەی ساڵێکیش مۆڵەت هەیە بۆ خۆتۆمارکردن و دوای ئەوە ئەگەر هەر کۆمپانیایەک خۆی تۆمار نەکردبێت مافی وەرگرتنی پڕۆژەی نابێت."
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەران دەشڵێت، "زۆر هەوڵمان دا کە حکومەت بەڵێندەران نەخاتە نێو ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە، چونکە ئێمە خۆمان یەکێتییەکمان هەیە و لەم رێگەیەوە کاری خۆمان دەکەین، بەڵام هەوڵەکانمان بێ سوود بوون."
 
یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم بەڵێندەران، بوونی قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە لەلای حکومەت. تەنیا بەڵێندەرانی هەولێر و دهۆک زیاتر لە 170 ملیار دینار قەرزیان لەلای حکومەتە، لەبارەی دانەوەی ئەو قەرزانەوە شێرزاد بورهان بلەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە بەڕێوەبەرایەتی دابینکارانەوە بەڵێنمان پێدراوە کار بۆ ئەو دۆسیەیەمان بکرێت و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت، ئێمەش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەین."
 
نزیکەی 4000 کۆمپانیای بەڵێندەر لە هەرێمی کوردستاندا هەن و خۆتۆمارکردنی لە بەڕێوەبەرایەتی دابینکاران هەموو کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە