رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیا، گوندەکانی دەورووبەری شارۆچکەی تەلتەمریان لە رۆژئاوای کوردستان تۆپباران کرد کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە.
میدیا خۆجێییەکان، ئەمڕۆ (دووشەممە 09-12-2024) بڵاویانکردەوە، نزیک کاژێر 04:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چەند گوندێک و لەنێویاندا گوندی ئوم کێف لە رۆژئاوای شارۆچکەی تەلتەمر لە کانتۆنی جزیرە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تۆپباران کراون.
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی سووریا و رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، دوێنێ ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە رایگەیاند "لە 12 رۆژی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەر بە پشتیوانیی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، دەیان هێرشیان دژی هەرێمی منبج و گوندەکانی کردووە، هەموو هێرشەکان لەلایەن هێزەکانمانەوە تێکشکێندراون."
هەر دوێنی لە چەند گەڕەکێکی دێرەزوور شەڕ لەنێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکاندا روویدا. دوای چەند کاژێرێک هەسەدە رایگەیاند، سنوورەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ