سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: بەمنزیکانە پرۆژەی دەشتی بەهەشت دەدرێتە وەبەرهێنەر

09-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئەو پڕۆژانەی بەهۆی نەبوونی وەبەرهێنەرەوە راگیرابوون، ئێستا کاریان تێدا دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 09ی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2013ـەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان بەهۆی مایەپووچبوون و وازهێنانی وەبەرهێنەرەکانیان کارکردن تێیاندا راگیرابوو. بەڵام کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە."
 
بە گوتەی محەممەد شوکری، لە پارێزگای هەولێر پڕۆژەکانی وەرین سیتی و فلۆریا سیتی دراونەتە وەبەرهێنەری نوێ و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، تەنیا پڕۆژەی دەشتی بەهەشت ماوە ئەویش لە نزیکترین کاتدا دەدرێتە وەبەر‌هێنەری نوێ.
 
سەبارەت بە پڕۆژەکانی هەردوو پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەموو پڕۆژەکانی ئەو دوو پارێزگایەش کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە، لە دهۆک پڕۆژەکانی ئارام ستی، هێژا سیتی و دهۆک سیتی کارکردن تێیاندا دەستی پێکردووەتەوە، لە پارێزگای سلێمانیش بەهەمانشێوە."
 
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 7 تشرینی دووەمی 2024، لە پارێزگای هەولێر مۆڵەت بە 46 پڕۆژە دراوە، پارێزگای سلێمانی مۆڵەت بە 12 پڕۆژە دراوە، لە پارێزگای دهۆکیش 16 پڕۆژە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 7ی تشرینی دووەم، لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت بە 93 پڕۆژە دراوە، کە سەرمایەکەیان نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە.
 
سێکتەری پڕۆژەکان:
 
بازرگانی: 21 پڕۆژە
پیشەسازی: 21 پڕۆژە
تەندروستی: 6 پڕۆژە
نیشتەجێبوون: 16 پڕۆژە
گەشتیاری: 15 پڕۆژە
فێرکردن: 7 پڕۆژە
خزمەتگوزاری: 2 پڕۆژە
کشتوکاڵی: 2 پڕۆژە
هونەری: 1 پڕۆژە
وەرزشی: 2 پڕۆژە
 
هەر بە پێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە 1-8-2006ـەوە تاوەکو 7 تشرینی دووەمی ئەم ساڵ 1,304 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، کە سەرمایەکەیان 70 ملیار و 870 ملیۆن و 942 هەزار و 995 دۆلار بووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.