رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی هەولێر. دەشڵێت، دژی دووکەڵی موەلیدەکان 153 سکاڵایان پێگەیشتووە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگەکان لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران بەردەوامە و، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 40 پاڵاوگە کە بە (پاڵاوگەی دووەم) دەناسرێن داخراون."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر گوتی، "نەک تەنیا پاڵاوگەی نایاسایی، هەر موەلیدەیەکیش ژینگە پیس بکات لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکەی دەکەین، هەر هاونیشتمانییەک دووکەڵی موەلیدە دەبینێت لە گەڕەکەکەیان لیژنەکان ئاگادار بکاتەوە."
هیرانی ئاماژەی بەوەش کرد، 153 سکاڵایان پێگەیشتووە لەدژی دووکەڵی موەلیدە و پیسکردنی ژینگە، دوای سەردانی لیژنەکان، حەوت موەلیدەیان گۆڕدراون و خاوەنی 11 موەلیدەش سزای دارایی دراون، ئەوانەشی ماونەتەوە کاتیان لەبەردەست ماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
5ـی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ژمارەیەک پاڵاوگە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون، داخران."
داخستنی پاڵاوگە و ئەو شوێنانەی زیان بە ژینگە دەگەیێنن لەلایەن تیمێکی هاوبەشی ئاسایش، پۆلیس و نوێنەری دەستەی ژینگە و ناحیەی گوێڕ دەبێت و، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات.
بەگوێرەی ئاماری پارێزگای هەولێر، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن.
بەگوێرەی ئاماری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ رووداو، لە سنوورەکە هەزار و 173 موەلیدە لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوەکەی پێنجشەممەدا ئاماژەی بەوە کردبوو "ئەو پاڵاوگانەی داخراون، بە دانانی پاڵاوگەی دووەم لە نێو پاڵاوگەکانی خۆیان، جۆرە گازوایلێکی کوالێتی نزم بەرهەمدەهێنن و لەکاتی بەرهەمهێنانیدا جۆرە گازێکی ژەهراوی دەخەنە ژینگەوە، کە زۆر زیانبەخشە."
سەرەتای نیسانی ئەمساڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵاوگەی نایاساییەکان دادەخەن، 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند، "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ