رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایدەگەیێنێت، بڕێکی زۆر کەلوپەل لەلایەن بازرگانەکانەوە هاوردە کراوە و لە کۆگەکاندان، بۆیە بە خێرایی نرخی خۆراک و کەلوپەل بەرز نابێتەوە و دەبێ ئەو کاڵایانە بە هەمان نرخی پێشوو بە هاونیشتمانییان بفرۆشرێن. رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات لەبارەی گۆڕینی نرخی دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراق و کاریگەری لەسەر بازاڕەکان، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەو کەلوپەلانەی پێشتر هاتوون و لە کۆگەکانن دەبێت بە نرخی پێشوو بفرۆشرێن، چاودێریی بازرگانییش چاودێریی نرخەکەی دەکات، بەڵام ئەو کاڵایانەی ئێستا دەکڕدرێن یان پارەکەیان نەدراوە، دەبێت دۆلار بە نرخی ئەمڕۆ بدەن. بەڵام نرخی دۆلار بە شێوەیەکی کاتی لە بەرامبەر دیناردا بەرزبووەتەوە، پێویستە بازرگانان چاودێریی دۆخەکە بکەن تاوەکو نرخی دینار و دۆلار جێگیر دەکرێت." مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێ: "ناتوانین بڵێین نرخی کاڵا لە ئاستێکدا دەوەستێت، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەگەڵ دینار لەم رۆژانەدا نابێت نرخی کەلوپەل گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بەڵام ئەو کەسانەی ئەم دۆخە بە هەل دەزانن بۆ گۆڕینی نرخ، دەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکرێت، چونکە بازرگان و فرۆشیارەکانیش هەر هاونیشتمانیی ئەم وڵاتەن و نابێت زیان بە کەسوکار و دانیشتووانی وڵاتەکەمان بگەیێنن." حکومەتی عێراق نرخی 100 دۆلاری بۆ فرۆشتن بە هاووڵاتیان بە 152,000 دینار دیاری کرد، دواتریش بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دامەزراوە بانکییەکانیانی لە گۆڕینی نرخی نوێی دینار بەرامبەر دۆلار ئاگادار کردووەتەوە. سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراقیش دەڵێت، ئیمەیڵ بۆ دامەزراوە بانکییەکان نێردراوە و لە بڕیارەکە ئاگادار کراونەتەوە. لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناردا، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت: "پێویستە حکومەتی عێراق نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا کۆنتڕۆڵ بکات و بڕێکی زۆر دۆلار بخاتە بازاڕەکانەوە، بۆ ئەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان بە جێگیری بمێنێتەوە. ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش بە راوێژی هەڵە کراوە، چونکە نرخی دۆلار بەرزکراوەتەوە بۆ زیادکردنی داهاتی حکومەت، لە کاتێکدا ئەمە کاریگەریی لەسەر بازاڕ و بژێوی خەڵک و توانای کڕین دەبێت." مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان باسی لەوەش کرد، کە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە دۆلار مامەڵە دەکەن، بەتایبەت ئێستا زۆرینەی بابەتەکان لە ئێران، تورکیا و چینەوە هاوردە دەکرێت و مامەڵەکانیان بە دۆلارە، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانەکان دابین بکات تاوەکو چیدیکە دۆخەکە بە ناسەقامگیری نەمێنێتەوە.