رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی گەیشتبێتە وەزارەتەکەیان و رایدەگەیێنێت، ئەو هەواڵانەی بەناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکەیان بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.
رۆژی چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ لە چەند کەناڵێکی فەرمی و نافەرمی و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵێک بەناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەسەر گەیشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی پێشمەرگە لێدوانی لەم بارەیەوە نەداوە و ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و رەتیدەکەینەوە، هەروەها رایدەگەیێنین هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە."
دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئاسمانی عێراق رووبەڕووی بۆشاییەکی بەرگری بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەغدا بەپەلە بکەوێتە خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و شاندە ئەمنییەکانی روویان لە وڵاتانی زلهێز کردووە، لە ئەمریکاوە بۆ رووسیا و لە کۆریای باشوورەوە تاوەکو چین، بۆ بەدەستهێنانی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی.
بەغدا بەڵێنی داوە ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش بخاتە ژێر هەمان چەتری بەرگری، بەڵام گوژمەی بەرزی کڕینی سیستەمەکان و رێگرییە سیاسییەکان پرۆسەکەیان خاوکردووەتەوە. بۆ ئەوەی عێراق بە تەواوەتی ئاسمانی خۆی بپارێزێت، پێویستی بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەبێت، کە ئەمەش بۆ دۆخی ئێستای عێراق ئاسان نییە.




