رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر گرتە ئەستۆ و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆییەکی کورتی ساتی هەڵدانی درۆنەکان، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "هێرشەکە لە رێگەی دوو درۆنەوە بووە".
شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکیی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە هەریر بیسترا و ئاگر لەنێو فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر کەوتەوە؛ رووداو لە رێگەی سەرچاوە خۆجێییەکانەوە زانیویەتی کە ئاگری نێو فڕۆکەخانەی هەریر زیاتر تەشەنەی سەندووە و کۆگەی سوتەمەنیی فڕۆکەخانەکە ئاگری گرتووە. تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە ئامادەییدان، بەڵام تائێستا فەرمانی چوونیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پێنەگەیشتووە.
بەپێی چەند دیمەنێک کە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، تەقینەوەیەک لە هەریر روویداوە و رووناکییەکەی بە روونی دەبیندرێت.
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستانی لە دوای شەڕی غەززە گرتووەتە ئەستۆ.
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ