رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە رادەستکردنەوەی پەنابەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێران، دەڵێت، "پێچەوانەی دەستووری عێراقە".
دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دۆسیەی بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە دەگوترێت لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە رادەستی ئێران کراوەتەوە. راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای بەدواداچوونمان وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەتایبەت نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، سەبارەت بە هەواڵی رادەستکردنەوەی پەنابەرێکی کوردی خەڵکی ئێران بەناوی بەهزاد خوسرەوی، دانیشتووی شاری سلێمانی بە دەوڵەتی ئێران، دەرکەوتووە ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستی تایبەتە و پەنابەرێکی نیشتەجێی شاری سلێمانی بووە، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە لەوڵاتی خۆیەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەو لایەنە داوە کە ئەو پەنابەرەی رادەست کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئەو پەنابەرە دوای بانگکردنی لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی سنووری سلێمانی، رەوانەی وڵاتی ئێران کراوەتەوە، ئەوەش دوور لە هەر رێکارێکی ئیداری و یاسایی و بێ هەبوونی هیچ بڕیار و رێکەوتنێک لەو بارەیەوە".
بەگوێرەی دەستەکە: "ناردنەوەی ئەو هاووڵاتییە بە وڵاتی خۆی پێچەوانەی بڕگەی دووەمی مادەی 21ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵە؛ کە تێیدا هاتووە: نابێت پەنابەری سیاسی رادەستی وڵاتی خۆی بکرێتەوە، یان بگەڕێنرێتەوە بەزۆری بۆ ئەو وڵات و شوێنەی لێی رایکردووە، هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی مافی پەنابەرێتی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مامەڵەکردنە لەگەڵ پەنابەران".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێک هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی هەر پەنابەرێک بۆ وڵاتی خۆی لەنێوان وڵاتان، پێویستە لەژێر چاودێری و ئاگاداریی نێودەوڵەتیی، نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنی پەیوەندیداری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەیسانە بکرێن".
دەستەی مافی مرۆڤ بە پێویستی دەزانێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرهێڵ بۆ سۆراخکردنی هەواڵی ئەو هاووڵاتییە و پاراستنی ژیانی لەوڵاتی خۆی. هەروەها داوا دەکات هەموو ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتانیش کە ئێستا پەنابەرن لەهەرێمی کوردستان، وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ژیانیان پارێزراو بێت، بەجۆرێک کە دوور لە یاسا و رێکارەکان هیچ مامەڵەیەکی دیکەیان لەگەڵدا نەکرێت.
رۆژی ٧ـی ئەیلوول، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە هێزەکانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاووڵاتی بەهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیر کرا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی نییە و (ئەو بابەتە) پەیوەندیی بە کاری سیاسییەوە نییە".
بەهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لە سەقز لەدایکبووە و لە 2014وە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو، فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.
هێزە ئەمنییەکانی سنە رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 پەیوەندییان بە برای بەهزاد خوسرەوی کردووە کە نیشتەجێی شاری سەقزە و هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوە و پێیانگوتووە، لە سنە راگیراوە و دەدرێتە دادگە.
دوێنێ 8ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "یەکێتی بەهزاد خوسرەوی رادەستی ئێران کردووە و ئەوان وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەو کارە نین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ