رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوسۆزیی لەبارەی بوومەلەرزەکەی مەغریب بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا لەگەڵیاندایە.
رۆژی شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی: زۆر دڵتەنگم بە لەدەستدانی تراژیدیای ژیانی خەڵکی لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەمڕۆی مەغریب."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "لەم کاتە سەختەدا، هاوسۆزی هەرێمی کوردستان بۆ گەل و حکومەتی مەغریب رادەگەیێنم."
رۆژی هەینی، کاژێر 11:11ی خوولەکی شەو بەکاتی مەغریب (کە دەکاتە رۆژی شەممە، کاژێر 1:11ی بەیانی بەکاتی هەولێر) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر مەغربی هەژاند کە چەقەکەی لە شاری مەراکشی رۆژئاوای وڵاتەکە بوو. پاشلەرزەیەکەی دیکە بە گوڕی 4.9 پلە دوای 19 خولەک وڵاتەکەی هەژاندەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان لە وەزارەتی ناوخۆی مەغریبەوە کە ئەمڕۆ (شەممە، 9-9-2023)، بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 37 کەس، هەروەها بریندارەکان هەزار و 204 کەسن.
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب دەڵێت: "هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شەوی رابردووەوە بەردەوامن،" هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ستافی نەخۆشخانەکان بانگکراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەر پێشكێش بە برینداران بکەن.



