رووداو - هەولێر هەندێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان گلەیی ئەوە دەکەن، کاتێک لەگەڵ بازرگاکانی دەرەوەی وڵات کێشەیان بۆ دروستدەبێت، نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەکانی عێراق بەدەمیانەوە ناچن. نمونەی ئەوەش دەهێننەوە لە رابردوودا ژمارەیەک لە بازرگانان لە ئێران پارەیان خوراوە. نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە رووداوی راگەیاند: "پارە خواردن لە هەردوولاوە مێژوویەكی كۆنی هەیە و لەبەر دوو هۆكار ناتوانین هیچیان بۆ بکەین. یەکەم، چونکە پارەدان بە رێگەی سیستمی بانكی ئاڵوگۆڕ ناكرێت. دووەم، لە مامەڵەكانیاندا بازرگانان بەشێوەیەكی یاسایی کار ناكەن و هیچ نووسراوێکی یاساییان نییە، تاوەكو کاتێک كێشە دروستبوو پشت بە ئێمە ببەستن و بەرگرییان لێ بكەین." سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو رایگەیاند: "90% كارگەكانی پارێزگای سلێمانی داخراون، چونكە هاوكاریان ناكرێت، سنوورەكانیش كراونەتەوە بۆ هاتنی هەموو بەرهەمێكی دەرەكی، بەو جۆرە بەرهەمی ناوخۆ فرۆشی کەمبووەتەوە". لە 17 شوباتی 2019ـەوە پێناسی گومرگی لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکخراوە و کاری پێدەکرێت، گوتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەوە بە یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم کاری بازرگانان ناودەبات. لە فەرمانێکی وەزاریی نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا کە بە ژمارە 321 و بە واژۆی وەزیری دارایی لە 1-8-2019 دەرچووە، هاتووە؛ "بڕیارماندا بە رێگەدان بە گواستنەوەی سەرجەم ئەو کاڵایانەی لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراون بۆ وڵاتانی دراوسێ بە شێوەی ترانزێت بۆسەرجەم بازرگانان و بەپێی میکانیزمی گونجاو رێژەی یەک لەسەر پێنجی رەسمی گومرگی ناو پێناسەی گومرگی و رەسمی زیادە". لەوبارەوە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی قۆرخکارییـە، ئەم بڕیارەش دژی قۆڕخکارکردن دراوە."
ئابووری06-06-2026راپۆرتێک: لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە وزەی خۆر رۆژانە 136 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەورووپا گەڕاندووەتەوە