رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، گرێبەستێکی زەبەلاحی لەگەڵ کۆمپانیای
گووگڵ واژۆ کرد. بەپێی گرێبەستەکە، گووگڵ مانگانە 920 ملیۆن دۆلار دەداتە سپەیس ئێکس
لە بەرامبەر بەکارهێنانی توانای کۆمپیوتەری و ژیریی دەستکردی ئەو کۆمپانیایە.
ئەم زانیارییانە لەو بەڵگەنامانەدا ئاشکرا بوون کە سپەیس ئێکس پێشکێشی
کردوون بۆ ئەوەی لە 12ـی حوزەیران بەفەرمی پشکەکانی لە بازاڕی پشکەکاندا (بۆرسە)
بخاتە روو.
چی بە گووگڵ دەدرێت؟
گووگڵ دەتوانێت نزیکەی 110 هەزار چیپی پێشکەوتووی جۆری Nvidia بەکاربهێنێت کە سەربە سپەیس ئێکسن. ئەم چیپانە
زۆر پێویستن بۆ ئەوەی گووگڵ بتوانێت بەرنامەی ژیریی دەستکردی خۆی کە پێی دەگوترێت جێمینای، خێراتر و بەهێزتر بکات.
پارەکە چۆن دەدرێت؟
گووگڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە مانگانە 920 ملیۆن دۆلاری تەواو دەدات،
بەڵام تاوەکو ئەو کاتە لە قۆناخی سەرەتادا بڕێکی کەمتر دەدات.
گرێبەستەکە تاوەکو کەییە؟
ئەم رێککەوتنە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2029 بەردەوام دەبێت. واتە بە تێکڕا،
گووگڵ لەو ماوەیەدا نزیکەی 30 ملیار دۆلار دەداتە کۆمپانیاکەی ئیلۆن مەسک. بەڵام
دوای کۆتایی ساڵی 2026، هەریەک لە کۆمپانیاکان دەتوانن بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی
90 رۆژ، گرێبەستەکە هەڵبوەشێننەوە.
بۆچی گووگڵ ئەمەی کرد؟
گوتەبێژی کلاودی گووگڵ رایگەیاند، خواستی خەڵک و کڕیاران بۆ بەکارهێنانی ژیریی
دەستکردەکەیان زۆر لەوە زیاتر بووە کە پێشبینییان دەکرد، بۆیە وەک چارەسەرێکی کاتی،
ئەم گرێبەستەیان لەگەڵ سپەیس ئێکس کردووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان پەکینەکەون.
دۆخی سپەیس ئێکس و کۆمپانیاکانی دیکەی مەسک
پێشتریش سپەیس ئێکس گرێبەستێکی هاوشێوەی بە بڕی 1.25 ملیار دۆلاری مانگانە
لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکەی زەبەلاحی ژیریی دەستکرد بە ناوی Anthropic واژۆ
کردووە بۆ بەکارهێنانی داتا سەنتەرەکەی مەسک. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم داتا سەنتەرە
لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستکرابوو کە خزمەت بە کۆمپانیای xAI بکات، کە کۆمپانیایەکی تایبەتی ئیلۆن مەسکە
لە بواری ژیریی دەستکرددا، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی رابردوودا
6.4 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
چوونەنێو بازاڕی پشکەکانەوە
ئەم گرێبەستە زەبەلاحانە لەگەڵ گووگڵ و ئەنترۆپیک، داهات و هێزی سپەیس ئێکس
زیاتر دەکەن، تەنیا چەند رۆژێک پێش ئەوەی بچێتە نێو بۆرسەوە. چاوەڕوان دەکرێت چوونە
نێو بۆرسەی سپەیس ئێکس گەورەترین بێت لە مێژوودا، کە بەهای کۆمپانیاکە بە 1.8 ترلیۆن
دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئەم بەها گەورەیەش زیاتر لەسەر ئەو متمانەیە وەستاوە کە ئیلۆن مەسک دەتوانێت
بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات؛ وەک فراوانکردنی ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک،
ناردنی داتا سەنتەر بۆ بۆشایی ئاسمان و لە هەمووشی گرنگتر، ناردنی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی
ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ.



