رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی یۆرۆنیووز، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە یەکێتیی ئەورووپا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەورووپا نزیکەی سێ ملیار یۆرۆ پاشەکەوت بکەن کە دەبووایە بۆ کڕینی گاز خەرجی بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، وزەی خۆر لە مانگی ئاداردا رێژەی 10٪ی هەموو کارەبای ئەورووپای دابین کردووە.
ئەگەر ئەورووپا ئەم وزەیەی خۆری نەبووایە، ناچار دەبوو نزیکەی 3.7 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بکڕێ بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە کارەبایە. کڕینی ئەو گازەش نزیکەی سێ ملیار یۆرۆی تێدەچوو، واتە وزەی خۆر ئەو پارە زۆرەی بۆ ئەورووپا گەڕاندووەتەوە کە دەکاتە 136 ملیۆن یۆرۆ لە رۆژێکدا.
لە ساڵی 2022ـەوە کە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکردووە و نرخی گاز زۆر بەرز بووەتەوە، وڵاتانی ئەورووپا بەخێرایی دەستیان کرد بە دانانی تەختە خۆروەرگرەکان یان سۆلار پانێڵەکان.
ئێستا ئیسپانیا لە پلەی یەکەمە و نزیکەی 18٪ی کارەباکەی لە خۆرەوە وەردەگرێ. هۆڵەندا لە پلەی دووەم و ئەڵمانیا لە پلەی سێیەمدایە.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی خۆر دوو سوودی گەورەی هەیە:
1. پارەیەکی زۆر بۆ وڵاتان دەگەڕێنێتەوە و کەمتر پێویستیان بە کڕینی گاز دەبێت لە دەرەوە.
2. ژینگە دەپارێزێ و پیسبوونی هەوا کەم دەکاتەوە.
پێشبینی دەکرێ لە مانگەکانی داهاتوودا کە هاوین دێت و رۆژ درێژتر دەبێت، بەرهەمهێنانی کارەبا لە خۆرەوە زۆر زیاتر ببێت و پارەیەکی زیاتریش بۆ ئەورووپا بگەڕێنێتەوە.



