راوێژکاری سوودانی بۆ رووداو: بڕیاری سیاسی هەموو کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکات

09-06-2024
هێمن عەساف
سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو.
سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندیی باشی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمپانیاکانی نەوت. ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە سیاسییەکان هەموو پرسێک یەکلایی دەکەنەوە. 
 
سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو. هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت، هەناردەی نەوت و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
سەبهان مەلا جیهاد، گەشبینی خۆی نەشاردەوە و بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندیی باش و لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. 
 
راوێژکارەکەی محەممەد شیاع سوودانی راشیگەیاند: رێگەچارە سیاسییەکان و بڕیارە سیاسییەکان پرسەکە یەکلایی دەکەنەوە، کێشەکان چارەسەر دەکەن. ناکۆکییەکان هەر چۆن بن و لە چ ئاستێکدا بن، دەرچەیەکی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی. گرنگ ئەوەیە گفتوگۆکردن بەردەوام بێت. کێشە کەڵەکەبووەکان، بەهۆی نەبوونی گفتوگۆ و دانووستاندن و هەندێکجار بایکۆتکردنی یەکدییەوە بووە. کێشەکان بەشێوەیەکی کاتی تێپەڕێندراون. هەردوولایەن لە 20 ساڵی رابردوودا هەڵەیان هەبووە و لە هەندێک پرسدا، کەمتەرخەم بوونە. 
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، راوێژکاری سوودانی رایگەیاند، عێراق و حکومەتی ناوەندی زەرەرمەندی یەکەمن لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. مادەی 111ـی دەستوور دەڵێت، سامانە سرووشتییەکان موڵکی هەموو عێراقییەکانە دەبێ هەموو کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە. 
 
کێشەی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لەگەڵ رووداو. رایگەیاند: "لە حکومەتی ناوەندیش کەس نازانێت کێ سەر بە هێزە ئەمنییەکانە، دەستەیەکی تایبەت لەناو وەزارەتی دارایی لێپرسراون لە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان".
 
گوتیشی، "دەکرێ لیستی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە لەلایەن دەستەکە یاخود لیژنەیەکی هاوئاهەنگیکار سەرپەرشتی بکرێت. ناکرێ کۆد بنێردرێت، دەبێ ناوی کارمەندە ئەمنییەکان هەبێت. وەک چۆن لە کۆمپانیای سۆمۆ نوێنەری هەرێمی کوردستان هەیە بەهەمان شێوە نوێنەرێکی هەرێم لەم دەستەیەدا هەبێت. پێشنیاز کرابوو پیتی یەکەمی ناوە سیانییەکان پێشکێش بکرێت، بەڵام رەتکرایەوە. دەکرێ دەستەیەکی بچووککراوە بە هاوبەشی دابمەزرێت."  
 
بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند: بەگوێرەی زانیارییەکانم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بانکی TBI هەڵبژاردووە بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانیان. حکومەتی ناوەندیش لاری نییە. رێکارەکان بەم ئاراستەیە دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانم هیچ کێشەیەک لە ئارادانییە. سەردانە بەمدواییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، زۆربەی کێشەکانیان چارەسەرکرد و گرفتەکانیان تێپەڕاند. زۆر گرنگە گفتوگۆ و سەردانەکان بەردەوام بن بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیران خواستی زۆرە بۆ چارەکردنی کێشەکان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە