رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی "زۆر هەستیار"دایە و کێشەی سەرەکیش ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتییە. داواش دەکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ببێتە چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان. چۆمان محەممەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "گرفتە گەورەکە لە هەرێمی کوردستاندا یەکێتی و پارتین؛ لە کاتێکدا شەڕ لە ناوچەکەدا هەیە و کێشەی گەورەی دارایی و ئەمنیمان هەیە، کەچی ئەو دوو لایەنە کۆنابنەوە." سەبارەت بە پێگەی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێزانە لە قۆناخی "پاشەکشێ و قەیران"دان و پێویستیان بە فۆرمێکی نوێی سیاسەتکردن هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە "جومگە بنەڕەتییەکان، هێز و سەرەداوی چارەسەرکردنی کێشەکان هەر لای یەکێتی و پارتییە." چۆمان محەممەد باسی لە دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی لایەنەکان کرد و گوتی، تەنیا یەک دەستپێشخەری بەس نییە، بەڵکو دەبێت مەسعوود بارزانی وەک "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و سیاسی" بەشێک بێت لە دەستپێشخەرییەکان. هەروەها رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە گرنگ وەسف کرد و گوتی: "لە چوار-پێنج ساڵی رابردوودا، کاتێک کێشە لەسەر هەڵبژاردن هەبوو، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێنج مەرسوومی دەرکرد و کۆبوونەوەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکران؛ ئەرکی یاسایی و سیاسیی ئەو دامەزراوەیەیە کە ببێتە کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکان." ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان پێشنیازی کرد، ئەنجوومەنێکی سیاسی لەو هێزانەی خاوەن کورسیی پەرلەمانین پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر مەترسییەکان بکەن و پەرلەمان کارا بکەنەوە. چۆمان محەممەد هۆشداریی دا لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و سێ سیناریۆی خستەڕوو، رەتکردنەوەی سکاڵاکە. ناساندنی حکومەت وەک "کاربەڕێکەر" و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی. سیناریۆ هەرە مەترسیدارەکە، بە گوتەی ئەو، کە تێیدا حکومەت بە کاربەڕێکەر بناسرێت و هەموو بڕیار و فەرمانەکانی لە دوای 10ـی تەممووزی 2023ـەوە بە "پووچەڵ" ئەژمار بکرێن.
کوردستان11-07-2026محەممەد ئەمین پێنجوێنی: داوا دەکەم نێچیرڤان بارزانی بۆ کاراکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی تورکیا بکات
کوردستان11-07-2026"لە ئاکرێ کار نییە و ناچارم بۆ بژێوی رۆژانە 12 کاژێر کار لە دهۆک بکەم." کرێکارێک ئەمەی بە رووداو گوت..