گوتەبێژی یەکگرتوو دەڵێ، دەستپێشخەرییەکەیان بۆ نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی کاریگەریی هەبووە و بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان یەکێتی و پارتی بەڕێوەبچێت. بەرپرسانی ئەو دوو لایەنە تاوەکو ئێستا وادەی دیاریکراویان بۆ کۆبوونەوەکە دیار نەکردووە و چاوەڕێی دەستپێشخەریی یەکدی دەکەن. سەلاحەدین بابەکر بە رووداوی راگەیاند: "پارتی و یەکێتی، وەڵامی ئەرێنیی دەستپێشخەرییەکەمانیان داوەتەوە، ئەگەر کۆبوونەوەکە بکرێت، ئەو لایەنانەش تێیدا بەشداردەبن کە خاوەنی فراکیسیۆنن لە پەرلەمانی کوردستان." بەرپرسێکی یەکێتی: "پارتی دەبێ نەرمی بنوێنێ" ئەمڕۆ شەممە 11ـی تەممووزی 2026، پۆڵا تاڵابەنی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە هەموو هەوڵێک دەکەین کە ببێتە هۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت، بەڵام دەمانەوێ پێداچوونەوە بە دەسەڵاتتدا بکرێت بۆ ئەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو دووبارە نەبنەوە." پۆڵا تاڵەبانی لەبارەی دواکەوتنی کۆبوونەوەکەوە دەڵێ: "هەوڵەکەمان لا گرنگە و ئامادەییمان بۆ کۆبوونەوە دەربڕیوە، بەڵام پارتی وەک لایەنی براوەی یەکەم دەبێ نەرمی بنوێنێ و چاوەڕوانین ئەوان دەستپێشخەر بن." بەرپرسێکی پارتی: "نەرمیمان نواندووە و دەستپێشخەریمان کردووە" هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت: "لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشتی، پارتی چەند جارێک دەستپێشخەریی کردووە و داوای لە لایەنەکان کردووە کۆببنەوە." گوتیشی: "پارتی زۆرجار لە مافەکانی خۆی خۆشبووە، بەڵام ئەمجارە بابەتەکە مافی یاسایی و دەستوورییە." هیوا گەیلانی ئاماژەی بەوە کرد، "لە لایەکەوە سەرۆک مەسعود بارزانی لە جەژنی قورباندا لایەنەکانی بۆ کۆبوونەوە بانگهێشت کردووە و لە لایەکی دیکەوە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سیاسەتێکی روونەوە داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی لە سەرجەم لایەنەکان کردووە؛ بەمەش دەریخستووە کە بۆ هەر چەشنە کۆبوونەوەیەک کە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بێت ئامادەیە." ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "ئێستا زەمینە بۆ کۆبوونەوە لەبارە؛ گەشبینم و پێموایە بەم نزیکانە دەتوانین کۆببینەوە." یەکگرتوو: "بەبێ دەستپێشخەریی ئێمە، کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنە سانا نابێت" سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ: "دەبێ مەبەستی کۆبوونەوەکە، شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی بێت و لەو کۆبوونەوەیەدا رێکاری گونجاو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دابنرێ." گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر دەستپێشخەریی یەکگرتووی ئیسلامی نەبێت، لێک نزیکبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کارێکی زەحمەت دەبێت." لەبارەی کاریگەریی رێکەوتنەکەی نەوەی نوێ و یەکێتییەوە گوتەبێژی یەکگرتوو روونیکردەوە، دەستپێشخەریی یەکگرتوو پێش رێکەوتنی نێوان یەکێتی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەستی پێکردووە و دوای رێکەوتنەکەش هەر بەردەوام بووە. "ناتوانین بڵێین رێکەوتنەکە لەسەر کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنە بێ کاریگەری بووە." زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە هاوپەیمانێتییەکی زۆرینە کۆبکەنەوە بۆ کاراکردنەوە پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت. پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک دانیشتنی کردووە ئەویش بۆ سوێندخواردنی دەستووریی ئەندامەکانی بووە و تاوەکو ئێستا دەستەی سەرۆکایەتییان پێکنەهێناوە. پێشتر هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوتبوو، "پەرلەمان ئامادەیە و بۆ دانیشتن، چاوەڕێی فراکسیۆنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی دەکات."
کوردستان11-07-2026محەممەد ئەمین پێنجوێنی: داوا دەکەم نێچیرڤان بارزانی بۆ کاراکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەردانی تورکیا بکات
کوردستان11-07-2026"لە ئاکرێ کار نییە و ناچارم بۆ بژێوی رۆژانە 12 کاژێر کار لە دهۆک بکەم." کرێکارێک ئەمەی بە رووداو گوت..