رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی خانەنشینی هەولێر دەڵێت، لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراون.
رۆژی چوارشەممە، بەرپرسێکی خانەنشینی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە وەزارەتی دارایی نووسراو بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی هاتووە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، کە دەسەڵاتی کاتیی بە هەموویان دراوە بۆ تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینی یەکگرتووی تەمەنەکانی 1962، 1963 و 1964، ئەوانەی کە تەمەنی یاساییان تەواو کردووە."
ئەو بەرپرسەی خانەنشینی هەولێر گوتی، "لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک نزیکەی 20 بۆ 25 هەزار خانەنشین هەن، لەو ژمارەیە زیاتر لە 5 هەزار مامەڵە تەواوکراون، ئەوانەن کە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی و ئەوانەیشی کە بە ئارەزووی خۆیان خانەنشین بوون."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە هەفتەی داهاتووەوە، لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیش دەستدەکرێت بە راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان تاوەکو مامەڵەکانیان خێراتر بکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات؛ "بەهۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە پرۆسەکە دواکەوتووە، چونکە بەپێی موالیدەکان نۆرەیان بۆ دانراوە."
هاوکات بەرپرسێکی خانەنشینی دهۆک بە رووداوی گوت، "دەسەڵاتی کاتی بە بەرێوەبەرایەتییەکان دراوە، تاوەکو مامەڵەی خانەنشیان خێراتر بکەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێک نا، ئەگەر ئەو کەسە مردبێت یان کێشەی لە هەژماری راژەی کاتیی خانەنشینبوونیان هەبێت، دوورخرابێتەوە لە کارەکەی، دادوەر بێت یان راپۆرتی پزیشکی هەبێت لەو حاڵەتاندا مامەڵەکە دەگەڕێتەوە پارێزگای هەولێر."
بە گوتەی خانەنشینی دهۆک، "تاوەکو ئێستا لە دهۆک هەزار مامەڵەی خانەنشینی هەن، کە نێردراونەتە هەولێر و لەوێ نزیکەی 500ـیان تەواو کراون، بەڵام لە هەفتەی داهاتووەوە مامەڵەکان لە دهۆک رایی دەکرێن و مانگانە نزیکەی 200 مامەڵە تەواو دەکرێن."
وەکو ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەو کەسانەی لە مانگی کانوونی دووەمەوە خانەنشین بوون، بەشێکیان ئەم مانگە مامەڵەیان تەواو دەبێت کە نزیکەی 200 کەسن و چوار مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە خانەنشینی سلێمانی بە روووداوی راگەیاند، "نزیکەی دوو هەزار مامەڵە لە هەولێرن کە تەواو نەبوون، لە ئەمڕۆوە خەریکی رێکخستنی سیستەمین و هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی دەست بە مامەڵەکان دەکرێت، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 کەس بەپێی تەمەن خانەنشین بوون مامەڵەکانیان تەواو بووە، مانگانە 120 مامەڵە تەواو دەبن."
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، "بۆ ئەم مانگە نزیکەی 120 کەس مامەڵەیان تەواو دەبێت و چوار مووچە بەیەکەوە وەردەگرن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ نووسراوێک لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نێردراوە کە واژۆی ئومێد سەباحی لەسەرە و داوا دەکەن، مینحەی 100 هەزارەکە بۆ خانەنشینان بگەڕێندرێتەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ