رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، دەنگوی ئەوەی گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دانانی سیستمی سۆلار (بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر)، باج وەردەگرێت، راست نییە.
وەزارەتەکە لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا سەر لەبەری ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە و پێداگیری لەسەر هەوڵ و پلانەکانی خۆی بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاریی دەکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستمی سۆلار پاوەر دابنێن.
لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان، تەنانەت ماڵانیش سوود لە وزەی خۆر دەبینن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
وەزارەتەکە لە روونکردنەوەکەدا باسی لە یاسای نوێی وەزارەتەکەیش کردووە کە دەڵێت: "هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصة) لەسەری کەم دەبێتەوە".
سیستمی سۆلار، سیستمێکە وزەی خۆر بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەم سیستمە پێکهاتووە لە پانێڵی خۆری (solar panels) کە تیشکی خۆر دەگۆڕن بۆ کارەبا. وزەی خۆر سەرچاوەیەکی پاک و نوێبووەوەی وزەیە و هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نییە.
یەکێکە دیکە لە سوودەکانی سیستمەکە، کەمکردنەوەی تێچووی کارەبایە. هەروەها بەکارهێنانی وزەی خۆر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە زیانبەخشەکان و پاراستنی ژینگە.
دەقی روونکردنەوەکە:
ماوەیەکە لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە، گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دانانی سیستمی سۆلار (بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر) لە لایەن هاووڵاتیانەوە، باج وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا سەر لە بەری ئەم دەنگۆیە رەتدەکاتەوە و پێداگیری لەسەر هەوڵ و پلانەکانی خۆی بۆ یارمەتیدان و ئاسانکاریی دەکات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن سیستەمی سۆلار پاوەر دابنێن.
لە یاسای نوێی وەزارەتی کارەباشدا هاتووە، هەر بەشداربوویەکی کارەبا، ئەگەر سیستەمی سۆلار پاوەری هەبێت، دەتوانێت لە کاتی بوونی بەرهەمی زیادەی کارەباکەی بەشە زیادەکەی لەو کاتانەی پێویستی پێی نەبێت بداتەوە ناو تۆڕی کارەبای هەرێم و تێچووی کارەبای بە شێوەی لەبری (مقاصة) لەسەری کەم دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ