کوردستان

مەرال دانیش بێشتاش و موراد چەپنی وەک بەربژێرانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کران.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی، بەربژێرەکانی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ناساند.
ئەمڕۆ هەینی، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، هەریەک لە مەرال دانیش بێشتاش و موراد چەپنی وەک بەربژێرانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کران.
مەرال دانیش بێشتاش، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە و موراد چەپنیش پێشتر پەرلەمانتاری هەدەپە بوو.
ئایشەگوڵ دۆغان ئەوەشی راگەیاند، کە دەم پارتی زۆر لەوە بەهێزترە لەنێوان بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا گۆشەگیر بکرێت و گوتیشی، "ئەمە بڕیارێکە جەماوەری دەم پارتی داویەتی و هەر لە سەرەتایشەوە رامانگەیاند، کە خەڵک سەرچاوەی بڕیار دەبن و هەر ئەوان بەربژێرەکان یەکلایی دەکەنەوە".
دواتر، گوتەبێژی دەم پارتی ناوی بەربژێرانی هاوسەرۆکایەتیی 16 گەورەشارەوانی و 40 شاری باکووری کوردستان و تورکیای راگەیاند.
ئەم راگەیاندنە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەیەکی زۆر لەبارەی بەربژێرکردنی هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاس دەکرا.
21ـی کانوونی دووەمی 2024، باشاک دەمیرتاش نیازی خۆی بۆ بەربژێربوونی بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ خستەڕوو؛ رۆژی 1ـی شوبات بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی پێشکێشی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 6ـی شوباتیش کشانەوەی بەربژێربوونی خۆی ئاشکراکرد بۆ رێگەخۆشکردن بۆ بەربژێرەکانی دەم پارتی.
رۆژی 7ـی مانگ، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە هەشت ساڵە لە زینداندایە، لەبارەی کشانەوەی هاوژینەکەی لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی، "تەواوی ئەو پرۆسەیە بە هاوئاهەنگی بەڕێوەچووە و با جەماوەرەکەمان متمانەی تەواوی پێمان بێت".
دەمیرتاش راشیگەیاند، "یەکگرتووین و هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نییە".
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەدەچێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
مەرال دانیش بێشتاش
بەربژێری دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ
- 1967 لە مێردین لەدایکبووە
- سیاسەتڤان و مافناسە
- ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەران) بووە
- ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە بووە
- 2017 لە دۆسیەی کۆبانێدا ساڵێک زیندانیکرا
- پێنج خول پەرلەمانتار بووە
- بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە لە پەرلەمانی تورکیا
- خێزاندارە و دایکی کوڕ و کچێکە
موراد چەپنی
بەربژێری دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ
- 1974 لە ریزە لەدایکبووە
- سیاسەتڤان و نووسەرە
- 2010-2016 ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی رەنجدەرانی سۆسیالیست بوو
- 2016-2023 ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە بوو
- پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بوو لە بازنەی ئیزمیر
- خێزاندارە و باوکی دوو کچە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ