رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا دەڵێت، "جەخت لە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە تا بتوانین داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین".
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ یادی بهئازاری (38) ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 لە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، رژێمی ئهوسای عێراق خەڵکی سڤیل، ئاو، خاک، هەوا و ژینگەی دەڤەری بادینانی بە چەکی قەدەخەکراو کردە ئامانج. لەم یادەدا، بە رێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدان و قوربانییانی ئەنفالی بادینان و تهواوی ئەنفالکراوانی کوردستان دەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنوێنین".
"ئەنفال تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندراوە. بۆیە لەم یادەدا داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و تەواوی قوربانییانی تاوانەکانی رژێمی پێشوو لە هەرێمی کوردستان، هاوکات دەبێ هەوڵەکانمان بۆ ناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بەردەوام بن"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێ مێژووی پڕ لە تاوان و ماڵوێرانیی رابردوو ببێتە پەند و وانەیەکی هەمیشەیی بۆ عێراق تا رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ستەمکاری و پێشێلکارییەک بکرێت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن. لەم پێناوەشدا، جەخت لە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە تا بتوانین داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و تەواوی شەهیدانی کوردستان. هەمیشە بە پێزانین و رێزەوە هەڵوێستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەبیر دەهێنینەوە کە لە رۆژگاری سەختی کەمپی جێژنیکاندا بە هانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون".



