سەربەست لەزگین: یەکێتی ئامادەنییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی

09-01-2023
کۆشش بێستانسووری
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، کە هاوکات بەرپرسی رێکخستنی پارتییە
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، کە هاوکات بەرپرسی رێکخستنی پارتییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادە نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیان، ئەوان وەکو پارتی ئامادەن "هەرکات یەکێتی ئامادە بوون." دەشڵێت، "یەکێتی وەک پێویست پابەندی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت نەبووە."
 
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، کە هاوکات بەرپرسی رێکخستنی پارتییە لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەوان وەکو پارتی ئامادەی کۆبوونەوەن لەگەڵ یەکێتی "هەرکاتێک ئەوان ئامادە بوون." لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی یەکێتییش بۆ کۆبوونەوە گوتی، "لە ئەوان بپرسن."
 
لەبارەی وەزیری پێشمەرگەوە، بریکاری وەزارەتەکە گوتی، "ئاگامان لە وەزیری پێشمەرگەیە و زۆر پەیوەندیمان پێوەی هەیە، بەڵام رێگەی نادەن دەوام بکات، بەحساب پێشنیاریان کردووە کاک رێباز بیرکۆتی ببێتە وەزیری پێشمەرگە، پێشوازیی لێدەکەین، هەرکات ئیشوکارەکانیان لە پەرلەمان کۆتاییهات."
 
سەربەست لەزگین دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان پێکهێنراوە،" بەڵام "یەکێتی وەک پێویست پابەندی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت نەبووە."
 
بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای هەولێر بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتییەوە بە "پێچەوانەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت" ناودەبات و دەشڵێت، "هەوڵدەدەین لە نزیکترین کات کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت." دەشڵێت، "دەتوانین بە گفتوگۆ کێشەکان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەین."
 
لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیش سەربەست لەزگین گوتی، "پارتی لاری نییە لە هەموارکردنەوەی" و "نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە