سەرۆكایەتی پەرلەمان دوو لیژنەی بۆ دۆزینەوەی 400 بێسەروشوێن پێکهێنا

09-01-2015
ئازەر فاروق
نیشانەکردن سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، كە ٤٠٠ كەسی بێسەروشوێن لە هەرێمی كوردستان هەن، كە هەندێكیان لەكاتی شەڕی ناوخۆدا دیارنەماون. بەمەبەستی دۆزینەوەشیان سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دوو لیژنەی پێکهێناوە.

حاجی كاروان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "ئەم كەیسە كەیسێكی كەم نییە، بۆیە ساڵانە دەدرێتەوە بە رووماندا لە راپۆرتەکانی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و نەتەوەیەکگرتووەکان".

حاجی كاروان گوتیشی: "سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان دوو لیژنەی پێكهێناوە، كە ئەوانیش لیژنەی ناوخۆ و لیژنەی مافی مرۆڤە بۆ ئەو كەیسە ، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانیشی تێدان".

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە ، رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن و لە ونبووەکانیان دەپرسن و دەڵێ "هەندێك لە بێسەروشوێنەکان ئاسایشن و هەندێكیان كارمەندی حكومین و تائێستا هیچ سۆراخێكیان دیار نییە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە هیچ گرتووخانەیەکی نهێنییان نییە بەندكراوی تێدابێت و دادوەر لێی ئاگادار نەبێت.

پێشتر رووداو لە زاری ئەو پەرلەمانتارەوە بڵاویکردەوە کە ئەو دوو لیژنەیە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە راسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام حاجی کاروان رایگەیاند کە ئەو بە هەڵە لەبری سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی هێناوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە