کۆمیسیۆن دوو حیزب و 13 بەربژێری بە هەشت ملیۆن دینار سزاداوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کەمتر لە دوو هەفتەى بانگەشەدا، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، دوو حیزب و 13 بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بە پێبژاردن سزاداوە. تێکڕای پارەکەیش 8 ملیۆن دینارە و دەبێت بنێردرێت بۆ گەنجینەى عێراق.
 
لە 25ى ئەیلوولی 2024ـەوە کە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، 13 بڕیارى لەبارەى بانگەشە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەرکردووە. پێنج لەو بڕیارانە رەتکردنەوەى سکاڵا بووە لەبارەى   پێشێلکارییەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن، کە سێیان لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیى کوردستانەوە پێشکێش کرابوون.
 
پێنج بڕیاری کۆمیسیۆن تایبەت بوون بە سزاى پێبژاردنى لیست و بەربژێران، دوو لیست و 13 پەرلەمانتار سزا دراون. حەوت بەربژێرى پارتى، سێ بەربژێرى یەکێتى، دوو بەربژێرى نەوەى نوێ، یەک بەربژێرى تورکمان لەنێو سزادراواندان.
 
بەربژێرەکان بەهۆى پێشێلکاریى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن سزادراون، زۆربەیان بەهۆی زوو دەستپێکردنى بانگەشە بووە.  
بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت، 1191 بەربژێرى سەربەخۆ، پارت و هاوپەیمانێتییەکان رکابەرى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسى پەرلەمان.
 
هەر بەربژێرێک بە بڕى 500 هەزار دینار  پێبژاردن سزادراوە، تێکڕای سزاکان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 500 هەزار دینار. عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەراند: "پێویستە بەربژێرە سزادراوەکان پارەى پێبژاردن بدەن، ئەگەر نەیدەن رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگیرێتەبەر، لەوانە رێگەنەدان بە خۆبەربژێرکردنەوەیان بۆ هەڵبژاردنێکى دیکە".
 
لە نزیکەى دوو هەفتەى بانگەشەى هەڵبژاردن دا، نەوەى نوێ لە سلێمانى بە یەک ملیۆن دینار و پارتى دیموکراتى کوردستان بە 500 هەزار دینار سزادراون. تێکڕاى ئەو پارەیەى کە بەهۆى سەرپێچیی بانگەشەوە لەم ماوەیەدا وەک سزاى پێبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بڕیاریان لێدراوە، 8 ملیۆن دینارە. عیماد جەمیل گوتى: "پارەى سزایانە، دەدرێتە گەنجینەی دەوڵەت".
 
رۆژی 15ی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت، لە 18ی هەمان مانگ دەنگدانی تایبەت و رۆژی 20ی مانگ دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لۆگۆی رووداو و خەڵاتی ستیڤی

پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو: شانازین دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین

پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، "شانازین کە دامەزراوەیەکی میدیایی کوردی لە ئاستێکی باڵا و بەرزی جیهانیدا دەبینین".