ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 28 کەس

08-06-2020

19:09

پێنج تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک چاکبوونەوە

کارمەندێکی تەندروستی لە بەردەم ئەمبوڵانسێک لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

رووداو -  هەولێر 

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک چاکبوونەوەی پێنج تووشبووی کۆرۆنای لە پارێزگای دهۆک راگەیاند و دەڵێت، دوای چاکبوونەوەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، چاکبوونەوەی ئەو تووشبووانە دوای وەرگرتنی چارەسەر و پشکنینی یەکلەدوای یەکی کۆرۆنا بووە بۆیان. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 102 کەس لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون کە 31 کەسیان چاکبوونەتەوە. تاوەکو ئێستاش هیچ تووشبوویەک لەو پارێزگایە گیانی لەدەستنەداوە. 

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا هەزار و 334 کەسن کە 537 کەسیان چارەسەرکراون و 28 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
زیاتر بخوێنەوە

18:46

تەندروستیی سلێمانی: 15 تووشبووی کۆرۆنامان باری تەندروستییان ناجێگیرە

تەندروستیی سلێمانی: 15 تووشبووی کۆرۆنامان باری تەندروستییان ناجێگیرە
تەندروستیی سلێمانی: 15 تووشبووی کۆرۆنامان باری تەندروستییان ناجێگیرە
 
رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە سلێمانی 15 تووشبووی کۆرۆنامان هەن کە باری تەندروستیان ناجێگیرە".
 
د. یاد نەقشبەندی گوتی "ئێستا 15 حاڵەتمان باری تەندروستییان ناجێگیرە و چەند تووشبوویەکیان بارودۆخیان زۆر خراپە. چەند تووشبوویەکیشمان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددان".
 
سەبارەت بەو دوو تووشبووەی کۆرۆنا، کە ئەمڕۆ لە سنووی سلێمانی گیانیان لەدەستدا، د. یاد نەقشبەندی، گوتی "ئەو دوو کەسەی ئەمڕۆ لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا ئەوانەبوون، کە لەژێر ئـامێری هەناسەدانی دەستکرد بوون".
 
گوتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی گوت، "هەر کەسێک نیشانەیەکی لەخۆی بەدیکرد بچێت بۆ پشکنین، چونکە تووشبوو هەبووە لەوانەی گیانی لەدەستداوە، کەسوکاری نەخۆشەکە ئەو کەسەی بردووەتەوە ماڵەوە، سەرەڕای ئەوەی نیشانەشی هەبووە و نەهاتووە سەردانی پزیشک بکات".
 
د. یاد نەقشبەندی دەڵێت "تکا دەکەم سەردانی پزیشک بکەن لە کاتی بوونی نیشانەدا، جا ئەگەر شوێنی پشکنینەکە  لە عەلی ناجی بێت یان هەر شوێنێکی دیکە، بەڵام گرنگە بەدواداچوون بۆ هەر حاڵەتێک بکەی کە پەیوەندی بە کۆئەندامی هەناسەدانەوە هەبێت".

 

زیاتر بخوێنەوە

18:38

کەسێکی 44 ساڵان لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا


رووداو - هەولێر 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گیانلەدەستدانی پیاوێکی تەمەن 44 ساڵی لە سلێمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا لە سلێمانی 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و کۆی گیانلەدەستدانیش لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 28 کەس.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو تووشبووەی کۆرۆنا دوای خەواندنی و مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
تووشبووێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانی لەدەستدا ...
 
 تووشبووێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوی COVID19 پیاو تەمەن ٤٤ ساڵ لە شاری سلێمانی دوای خەواندن و مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو هیوادارین هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن.
 
وەزارەتی تەندروستی 
٨ حوزەیران ٢٠٢٠
 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:25

وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24 کاژێری تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی ئاماری 24 کاژێری تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە

رووداو - هەولێر 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە 24 کاژێری رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 102 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە 24 کاژێری رابردوو دوو هەزار و 516 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراون و کۆی گشتیی ئەو پشکنینانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون گەیشتووەتە 90 هەزار و 106 پشکنین. 
 
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی: 
 
ڕاگەیاندراوی ژمارە (١٠٤)
 
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:
 
1. کەرەنتین
 
تاوەکو ئەوڕۆ (١٢٨٥٦) هاووڵاتی "ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان" کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (٧٢٧) هاووڵاتی لە (٣٣) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (١٩٨) لە هەولێر، (٣٣) لە سلێمانی، (٥٠٦) لە دهۆك. وە (١٢١٢٩) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین،  لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتی (٤١) هاووڵاتی بوو.
 
2. پشکنین 
 
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا: (٢٥١٦) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (١٣٥٢) هەولێر، (٧٥٢) سلێمانی، (٤٠٠) دهۆك، (١٢) گەرمیان.  (کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (٩٠١٠٦) پشکنین بووە)
 
3. دەرەنجامی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو:  (٣) گیان لەدەستدان، (١٠٢) تووشبووی نوێ تۆمار کرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
 
پارێزگای هەولێر (١٥) پۆزەتیڤ: (٨) ئافرەت و (٢) پیاو و (٣) منداڵ و کوڕ و کچێکی گەنج، حەفت بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون یەك تووشبوو لە ئێران گەڕایتەوە و لە کەرەنتین بوو، حەفت تووشبوو نیشانەی نەخۆشیەکەیان ھەیە، دانیشتووی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و فەرمانبەران و باداوە و ڕزگاری و کرێکاران و شەھیدان و زانیاری و ئازادی و برایەتی و ناحیەی بنەسلاوە و ناحیەی ڕزگاری لە شاری ھەولێر.
 
پارێزگای سلێمانی (٨٥) پۆزەتیڤ و (٣) گیان لەدەستدان: 
 
شاری سلێمانی (٧٣) پۆزەتیڤ و (٣) گیان لە دەستدان: (٤٠) پیاو و (٢٣) ئافرەت و (٤) منداڵ و (٤) کوڕی گەنج و (٢) کچی گەنج، سی و یەك تووشبوو بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون و چل تووشبوو نیشانەی نەخۆشیەکەیان ھەیە، یەك تووشبوو دانیشتووی ناحیەی پیرەمەگرون، بیست و پێنج تووشبوو دانیشتووی قەزای پێنچوێن، یەك تووشبوو دانیشتووی ھەڵەبجەی تازە، یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای سەید سادق، دوو تووشبوو دانیشتووی شاری دھۆك لە سلێمانی دەستنیشان کراون، یەك تووشبوو دانیشتووی عەربەت، یەك تووشبوو دانیشتووی شارەزوور، چل و یەك تووشبوو دانیشتووی ناو شاری سلێمانی.
 
ئیدارەی گەرمیان (١٢) پۆزەتیڤ: (٩) پیاو و (٢) ئافرەت و کچێکی گەنج، ھەموو تووشبووەکان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ کوڵەجۆلە، چوار تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ گەڕەکی نەورۆز، سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی شەھیدان، یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی ڕاپەڕین، سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی بنگرد.
 
پارێزگای دهۆك (٢) پۆزەتیڤ: (٢) ئافرەت تەمەن ٤٨ و ٤٤ ساڵ، بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون لە کەرەنتین بوون، دانیشتووی ناو شاری دھۆکن.
 
4. ئاماری گشتی
 
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (١٣٢٤) تووشبوو، لەنێویاندا (٢٧) مردن هەیە و (٥٣٧) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا (٧٦٠) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان، بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
 
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). 
 
   وەزارەتی تەندروستی         
حکومەتی هەرێمی کوردستان    
٨ی حوزەیران ٢٠٢٠
زیاتر بخوێنەوە

11:18

نەخۆشخانەی رزگاری: لە بەشی چاودێریی چڕ توانای وەرگرتنی 30 نەخۆشمان هەیە

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، وێنە؛ بڵند تاهیر
نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، وێنە؛ بڵند تاهیر
 
هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شاری هەولێر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراون. نەخۆشخانەی رزگاری توانای وەرگرتنی 400 بۆ 450 نەخۆشی هەیە، بەڵام لە بەشی چاودێریی چڕ، دەتوانن تەنیا 30 نەخۆش وەربگرن.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو چووە نێو نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر کە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراوە، بەپێی زانیارییەکانی کە پێیدراون، 85 تووشبووی نوێ بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر خەوێنراون. لەو ژمارەیە تەنیا رەوشی تەندروستی یەکێک لە نەخۆشەکان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە.
 
148 تووشبووی نوێ ئێستا لە هەردوو نەخۆشخانەی رزگاری و نەخۆشخانەی ئیماراتی لە شاری هەولێر خەوێنراون، 85 یان لە نەخۆشخانەی رزگاری و 63 تووشبووی دیکەش لە نەخۆشخانەی ئیماراتی خەوێنراون.
 
لەبارەی دۆخی تەندروستی تووشبووان د.بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە گشتی باری تەندروستیی تووشبووەکان جێگیرە، یەک نەخۆشمان نەبێت کە لە چاودێری چڕ خەوێنراوە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ بەکارهاتووە".
 
نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر لە شەش نهۆم پێکدێت، بە گوتەی بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیە، سێ نهۆمیان بۆ وەرگرتنی تووشبووانی کۆرۆنا دابینکراوە، نهۆمێکیان تەنیا چاودێریی چڕە، کە لەو نهۆمە دەتوانن تاوەکو 30 نەخۆش وەربگرن و ئەو ژمارەیەش زیاتر بکەن، سێ نهۆمەکەی دیکە دابینکراوە بۆ ئەوانەی کە نیشانەیان کەمە.
 
سەبارەت بەو نەخۆشانەی کە رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە، د. بۆتان عەبدولقادر دەڵێت: ئەو نەخۆشانە جیا لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، پێویستیان بە پزیشکی چاودێر و پزیشکی سڕکەر و کارمەندی چاودێریی چڕ هەیە، کە "ئەمەش لە هەموو کوردستان و جیهانیش ژمارەیان کەمە".
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە قسەکانیدا بۆ رووداو، ئاماژەی بەوەکرد، کە دەتوانن زیاتر لە 100 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دابینبکەن، بەڵام گەرەنتی ئەوە نادەن پزیشکی چاودێر و پزیشکی سڕکەر و کارمەندی چاودێری چڕ بۆ ژمارەیەکی زۆری نەخۆش دابینبکەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:44

تووشبوویەکی نوێی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

نەخۆشخانەی ئاسا تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، وێنە؛ AA
نەخۆشخانەی ئاسا تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، وێنە؛ AA
تووشبوویەکی نوێی کۆرۆنا کە خەڵکی گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادقە گیانی لەدەستدا. تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە ئەو تووشبووە ماوەیەکی زۆرە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
 
ئەو تووشبووەی گیانی لەدەستداوە، پیاوێکی تەمەن سەروو 75 ساڵە، ماوەیەکی زۆرە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە لە نەخۆشخانە لە سلێمانی.
 
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشی دیکەشی هەبووە و رۆژ لەدوای رۆژ تەندروستی خراپتر دەبوو، بەڵام بەهۆی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا".
 
پیاوەکە خەڵکی گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادقە. حەیدەر حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە قەزای سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوای گرتنەبەری رێکاری تەندروستی تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە گوندەکەی و هەر لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
 
لە سنووری قەزای سەیدسادق تاوەکو ئێستا سێ کەس تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدان. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە پارێزگای سلێمانی 810 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 167 تووشبووش چاکبوونەتەوە و 23 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 1324 کەس. لەو ژمارەیە 458 کەس چاکبوونەتەوە و 26 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. ئێستا 840 تووشبووی کۆرۆنا ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:33

لە گەرمیان 12 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران

.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە گەرمیان 12 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران و ھەموو تووشبووەکانیش بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 08-06-202 بڵاویکردووەتەوە، ئەو 12 کەسەی تووشی کۆرۆنا بوون لە نۆ پیاو، دوو ئافرەت و کچێکی گەنج پێکهاتوون، ھەموو تووشبووەکانیش بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون. 
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 1322 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 458 کەس چاکبوونەتەوە و 26 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
شەوی رابردووش لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 50 تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی چاکبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستیی راینگەیاندووە. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
 
دەرەنجامی نوێ ...
 
لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای تووشبووان، دوازدە تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە دەڤەری گەرمیان دەستنیشانکران، نۆ پیاو و دوو ئافرەت و کچێکی گەنج، ھەموو تووشبووەکان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، 
 
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ کوڵەجۆلە،
چوار تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ گەڕەکی نەورۆز،
سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی شەھیدان،
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی ڕاپەڕین،
سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی بنگرد،
 
 
وەزارەتی تەندروستی
 ٨ حوزەیران ٢٠٢٠
زیاتر بخوێنەوە

09:38

لە هەرێمی کوردستان تووشبوون بە کۆرۆنا بە رێژەی 63% بەرزبووەتەوە

رێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووانی کۆرۆنا بۆ نزیکەی 2% بەرزبووەتەوە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
لە هەرێمی کوردستان لە کۆی هەزار و 312 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا 828 تووشبوویان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆکدان. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیش تووشبوون بە کۆرۆنا بە رێژەی 63% بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کودستان، لە 01-03-2020ـەوە تاوەکو 07-06-2020، هەزار و 312 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 26 کەسیان گیانیان لە دەستداوە و 458 تووشبوو چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، بەڵام ژمارەی ئەو تووشبووانەی پێویستیان بە خەواندنە لە نەخۆشخانەکان روو لە زیادبوونە.

لە ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا دەردەکەوێت، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا کە چاکبوونەتەوە بۆ 35٪ دابەزیوە، 2%ـی گیانیان لەدەستداوە و رێژەی تووشبووان 63%ی بەرزبووەتەوە کە ئێستا لە هەشت نەخۆشخانەی کۆرۆنا لەژێر چارەسەردان.

ئەوە لەکاتێکدایە لە 23-04-2020 بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، 92.58%ی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان چاکببوونەوە، گیانلەدەستدان 1% بوو، تەنیا لە 6.42%ی تووشبووان لە نەخۆشخانەکاندا مابوون. هەروەها لە 52%ی تووشبووانی کۆرۆنا مێ و 49%یش نێر بوون. ئێستا 42%ی تووشبووانی کۆرۆنا مێ و 58%یش نێرن.

هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە 14-05-2020 بەدواوە ئامارەکانی تووشبووانی کۆرۆنا و گیانلەدەستدان رووی لە هەڵکشان کردووە.

لەو 828 تووشبووەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا ماون، 140 تووشبوویان لە هەولێر، 609 تووشبوو لە سلێمانی، 76 تووشبووشیان لە دهۆک و سێ تووشبووشیان هەڵەبجەن.

کۆرۆنا  لە هەرێمی کوردستان

تووشبوو: 1312 کەس
چارەسەرکراو: 458 کەس
گیانلەدەستدان: 26 کەس
 ئەوانەی لە نەخۆشخانەن: 828 کەس

بەپێی پارێزگاکان:
 
هەولێر

تووشبوو: 387 کەس
چاکبووەوە: 243 کەس
گیانلەدەستدان: 4
ئەوانەی لە نەخۆشخانەن: 140 کەس
 
سلێمانی

تووشبوو: 796 کەس
چاکبووەوە: 167 کەس
گیانلەدەستدان: 22 کەس
ئەوانەی لە نەخۆشخانەن: 609 کەس
 
دهۆک

تووشبوو: 102 کەس
چارەسەرکراو: 26 کەس
گیانلەدەستدان: 0
ئەوانەی لە نەخۆشخانەن: 76 کەس

هەڵەبجە

تووشبوو: 25 کەس
چارەسەرکراو: 22 کەس
گیانلەدەستدان: 0
ئەوانەی لە نەخۆشخانەن: 3 کەس
زیاتر بخوێنەوە

09:12

لە رووها و ئامەد سێ گەڕەک، دوو کۆڵان و پێنج باڵەخانە کەرەنتینکران

 
لە پارێزگاکانی ئامەد و رووهای باکووری کوردستان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سێ گەڕەک، دوو کۆڵان و پێنج باڵەخانە کەرەنتین کراون.
 
پارێزگای رووها لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە شارۆچکەکانی بیرەجووک، خەلیلییە، ئەیوبییە، وێرانشار، گورنێ رەش و گرێ سۆر چەند تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، بەو هۆیەوە بڕیاری کەرەنتینکردنی گەڕەکی گۆرگون لە شارۆچکەی گورنێ رەش، گەڕەکی بەنت باهچە لە شارۆچکەی بیرەجووک، کۆڵانەکانی دەڤەبۆینو و گەچیت لە شارۆچكەی گرێ سۆر دراوە.
 
لە شارۆچکەی وێرانشار سێ باڵەخانە و لە شارۆچکەکانی خەلیلییە و ئەیوبییەش دوو باڵەخانە بۆ ماوەی 14 رۆژ کەرەنتینکراون.
 
لە شارۆچکەی بسمیل سەر بە پارێزگای ئامەدیش گەڕەکێک کەرەنتین کرا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی گەنجێکی ئەو گەڕەکە پۆزەتیڤ دەرچووە، کاتێک چووە بۆ سەربازی پشکینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی تورکیا، تاوەکو ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان 170 هەزار و 132 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 692 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و 137 هەزار و 969 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:04

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 28 کەس

دوایین ئامارەکان
 
ژمارەیەک فەرمانبەر لە سێ فەرمانگەی سنووری پارێزگای دهۆک، بەهۆی ئەوەی بەرکەوتەی سێ تووشبووی کۆرۆنان، کەرەنتین دەکرێن.
 
لەماوەی رابردوودا بەهۆی داوەتێکەوە 52 کەس لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە سێ کەسیان فەرمانبەر بوون لە سێ فەرمانگەی سنووری پارێزگاکە، دوای ئەوەی دەوامی فەرمی دەستیپێکردەوە، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە تووشبووانە هەبووە، کەرەنتین کراون.
 
ژمارەی ئەو کەسانەی لە سنووری پارێزگای دهۆک کەرەنتین کراون، 506 کەسن، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لە کەرەنتینکردن لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژانە 400 بۆ 600 پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدەدرێن؛ بەپێی نوێترین ئاماریش تاوەکو ئێستا 102 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون، 26 تووشبوویان چاکبوونەتەوە.
 
ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، چوار لە تووشبووانی کۆرۆنا رەوشی تەندروستییان باش نییە و پێویستیان بە ئۆکسجینە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تائێستا هەزار و 312 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 458 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 26 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر بخوێنەوە