سێ جووتیارە کوردەکەی سنووری داقووق دوای نزیکەی نۆ مانگ زیندانی، ئازاد کران

08-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بە پاساوی شەڕکردن لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان لە گوندی مەنسوور لە سنووری ناوچەی حەفتەغار لە قەزای داقووق سێ جووتیاری کورد حوکمدران، دوای تەواوکردنی سزاکەیان ئازاد کران.
 
شکار مەردان، پارێزەری دۆسیەی جووتیارانی قەزای داقووق، رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ جووتیارە سەرەتا سوپای عێراق دەستگیریکردن و دواتر رادەستی پۆلیسی کردن و لەوێوە درانە دادگە، هەر یەکێکیان دوو ساڵ حوکمدران و پاشان پێداچوونەوە بەحوکمەکەیان کرا و کەمکرایەوە بۆ چوار مانگ، بۆیە ئازاد کران".
 
ئەو سێ هاونیشتمانییەی گوندی مەنسوور کە زیندانی کرابوون، دوو برا و ئامۆزایەکن بە ناوەکانی سامان نەوزاد هیدایەت، خالید نەوزاد هیدایەت و محەممەد نەجات هیدایەت.
 
هەر ئەمڕۆ مەلا حەسەن گەرمیانی، خزمی دەستگیرکراوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خزمەکانمان دوو ساڵ حوکم درابوون، دوای هەوڵدانێکی زۆر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دادوەر حوکمەکەی کردە چوار مانگ و ئازاد کران".
 
هەرچەند حوکمی ئەو جووتیارە کوردانە کراوە بە چوار مانگ، بەڵام ئەوان نزیکەی نۆ مانگە و لە 14ـی تەمموزی 2024ـەوە دەستگیرکراون.
 
هەر ئەمڕۆ ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا لە سنووری کەرکووک و ئاگاداری دۆسیەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ جووتیارە ستەمیان لێکرا، نزیک گوندەکەیان سەربازگەی عێراقی هەبوو، ئەوان لایەنگریان کرد و کوردەکانیان دەستگیرکرد".
 
ساتع ناسیح گوتی: "سوپای عێراق تۆمەتی ناڕاستیان بۆ جووتیارە کوردەکان دروستکرد و گوتیان، گوایە هەوڵیانداوە جووتیاری عەرەب بڕفێنن، بەهۆی ئەو لایەنگرییەی ئەوانەوە ماوەیەکی درێژە ئەو جووتیارانە زیندانی کراون".
 
هاوشێوەی ناوچە دابڕاوەکانی دیکەی باشووری کوردستان، کێشەی زەویوزار لە سنووری داقووق چەند ساڵێکە ناوبەناو سەرهەڵدەدات، سەرەتای مانگی پێنجی ساڵی رابردووش هاوردەکانی سنووری داقووق لەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورد دەستیان بە بیرلێدان کرد و ئەوکاتەش ئاڵۆزی دروستبوو.
 
سنووری حەفتەغار لە باشووری داقووق لە پارێزگای کەرکووک، یەکێکە لەو ناوچانەی خاکەکەی موڵکی کوردە و دەیان ئاوایی لەسەرە. لە ساڵی 2018 بە هاوکاریی هێزە سەربازییەکان جارێکی دیکە ژمارەیەک لە هاوردەکانی سەردەمی سەدام هێندرانەوە بۆ ناوچەکە، لەو کاتەوە تائێستا بوونەتە سەرئێشە بۆ جووتیارانی کورد و ناوبەناو ئاڵۆزی لەنێوانیاندا دروست دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئامێرێکی ئەی تی ئێم. وێنە: رووداو

کارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من' بەمنزیکانە لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

پڕۆژەی 'هەژماری من' وەرگرتنی مووچەی ئاسان کردووە و 750 هەزار کەس تۆمار کراون. خەڵک بەگشتی پێیان باشە، بەڵام داوای گەرەنتی دەکەن، کارەکانی پڕۆژەکەش لە سلێمانی بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە