رووداو - هەولێر
لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی چوار بژاردە دەکات کە لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان و دەشڵێ، خوێندنی ئۆنلاین رەتدەکەنەوە و خوێندن لە مانگی ئایار و حوزەیراندا باشترین بژاردەیە.
عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ 8-4-2020 لە کۆبوونەوەی لیژنەکەمان، تاوتوێی چەند بژاردەیەکمان کرد کە لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدایە لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکان".
سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات "سیستەمی ئۆنلاین رەتدەکەینەوە؛ ئەستەمە سەرکەوتووبێت، بەهۆی خراپیی ئینتەرنێت لە کوردستان و نەبوونی کارەبای بەردەوام و نەبوونی کۆمپیوتەر و سمارتفۆن لە ھەموو ماڵێک، ئەوە جگە لە نەبوونی ئەو ژێرخانە لە زانکۆ و پەیمانگەکان و خراپیی باری دەروونیی قوتابیان و مامۆستایان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە".
عەبدولسەلام دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد "چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتاکانی مانگی ئایار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێت و باشترین بژاردە ئەوەیە کە مانگی ئایار و حوزەیران هۆڵەکان بەڕووی قوتابیاندا بکەینەوە، ئەوا دەکرێت لە مانگی 5 و 6 قەرەبووی ئەو کاتە بکەینەوە کە بەھۆی ئەم پەتایەوە لەدەستمان چووە و بەردەوامی بە خوێندن بدرێت".
سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێ، ھەموو ئەو قوتابییانەی کەوا ئیمەیڵ یان مێسنجەر، سناپ ، ڤایبەر، تێلیگرام یان ھەر ئامرازێکی دیکەیان ھەیە، دەتوانن وانەکانیان بە ئاسانی بەدەستبھێنن و لە زانست دانەبڕدرێن و سوودمەندبن، بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئیلزامی نابێت، واتە قوتابی سەرپشک دەکرێت لەوەی کە لەگەڵ ئەم سیستەمە بڕوات یان نا، چونکە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ تەنیا ئەو مەنھەجە داخڵە کە پێشتر خوێندراوە.
عەبدولسەلام دۆڵەمەری باس لەوەش دەکات، دەکرێت ئەنجامی وەرزی یەکەم بۆ ھەردوو وەرزەکە بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کەوا لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون، پەیڕەوبکرێت، بۆ ئەوانەش کەوا لە وەرزی یەکەم دەرنەچوون لە خولی دووەم تاقیکردنەوە بکەن.



