ئومێد خۆشناو: لەو زەوییانەی دابەش دەکرێن گەڕەکێکی نوێ بە خزمەتگوزارییەوە دروست دەکرێت

07-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنت، ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن شوێنەکانیان "باشترین"ـە و، بچووکترین شەقام تێیدا 12 مەتریی دەبێت.
 
ئەمڕۆ بەشێوەی تیروپشک لە رێوڕەسمێکدا زەوی بەسەر سێ هەزار فەرمانبەر لە شاری هەولێر دابەشکرا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئەوانەی مافیان هەیە وەری دەگرن".
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، بە هەوڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆدا دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووەتەوە. گوتیشی: "یەکێک لە باشترین شوێنەکانی پارێزگای هەولێر دیاریکرا بۆ دابەشکردن."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر 70 هەزار کەس فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە. ئومێد خۆشناو دەڵێت: "ئەو شوێنەی ئامادەکراوە بۆ دابەشکردن لەگەڵ ماستەرپلانی نوێی هەولێردا دەگونجێت و دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی هەولێر – دهۆک."
 
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، پلانی ئەوان بەشێوەیەکە، لەو زەوییانەی دابەش دەکرێن شارێکی مۆدرێرن دروست بکرێت. گوتیشی، ئەو جێگەیەی دیاریکراوە بە ئاسانی ئاوی پێدەگات و نزیک رێڕەوی پڕۆژەی ئاوی فریاوگوزاریی هەولێرە.
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە نەخشەی شوێنی زەوییەکان کرد و گوتی: "لە دیزاینکردنی گەڕەک و شەقامەکاندا شەقامی 30 مەتری و 20 مەتری هەن؛ کەمترین شەقامی 12 مەتری دەبێت".
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لەو شوێنەی زەوی دابەش دەکرێت لە نەخشەسازی شەقامەکانیدا رێڕەوی پایسکیل و رێژەی سەوزایی رەچاوکراوە.
 
ئەوانەی ئەمڕۆ تیروپشکیان بۆ کرا و زەوییان وەرگرت، دوای دڵنیابوونەوە لە سوودمەندبوونیان کارتی زەوییەکەیان پێدەدرێت کە ژمارەی زەوی و ناوی خۆی لەسەر دەبێت. ئەمەش بە گوتەی ئومێد خۆشناو.

 

 
هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی 500 پارچە زەوی دابەشکرا. ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتيی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بە رووداوی گوت، زەوییەکانی ئەمڕۆ بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەشکرا.
 
لە 17-10-2024ـەوە دابشکردنی زەوی لە بەشێکی هەرێمی کوردستان بە قۆناخی جیا دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
 
ئەم ساڵ و لە 27ـی مانگی 3دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون. دوای زیاتر لە دوو مانگ و لە 28ـی ئایاردا بڕیارەکە لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاوکرایەوە.
 
ساڵانی خزمەت؛ ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون پێوەرە سەرەکییەکانن بۆ وەرگرتنی زەوی، کە هەرکەس مەرجەکانی تێدابێت 200 مەتری پێ بدرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە