رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا، کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران بۆ 500 هەزار دینار بەرزبکرێتەوە و بڕیارەکە لەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێ، لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو چوار هێندە زیادی کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 24-6-2026، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "چاکسازییەکانمان بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خەڵک، چ خاوەنکار و چ کرێکار. ئێستا کرێکار خۆی داوای دەستەبەر دەکات و پێش هەموو شتێک بە خاوەنکارەکەی دەڵێت، دەبێت دەستەبەرم بکەیت."
کوێستان محەممەد گوتیشی، "پێش ئەوەی ئێمە ئەم کابینەیە وەربگرین، تەنیا 78,560 کرێکار دەستەبەر کرابوون، بەڵام ئێستا 319,612 کرێکار دەستەبەر کراون، واتە نزیکەی چوار هێندەی پێشوو."
یەکێکی دیکە لە بڕیارە گرنگەکان کە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێدا، بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکارانە. لەمبارەیەوە گوتی، "دوای گفتوگۆیەکی زۆر، بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکاران بۆ 500 هەزار دینار پەسندکرا و دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە دوو یاسا. بە گوتەی کوێستان محەممەد، "یەکەمیان یاسای خانەنشینیی عێراقییە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کردووە و دەڵێت، هیچ فەرمانبەرێک نابێت مووچەی خانەنشینیی لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت. دووەم، هەموارکردنەوەی یاسای دەستەبەریی ساڵی 2012ـەیە کە یەکێک لە مادەکانی دەڵێت، دەبێت کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکار هاوتا بێت لەگەڵ کەمترین مووچەی خانەنشینیی فەرمانبەرێک لە کەرتی گشتی."
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە کە بڕیارەکە لەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە کە پێشتر خانەنشین بوون و مووچەیان لە 500 هەزار دینار کەمتر بووە.
وەزیری کار باسی لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و گوتی، "بڕیارە رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئابووری بە سەرپەرشتیی وەزیری دارایی عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەو هیوایەی بگەینە ئەنجامێکی باش."


