رووداو- سلێمانی
ئەو یاسایەی خانەی لەخۆگرتنی منداڵانی بێ سەرپەرشت رێكدەخات، بۆ (م.ع) تەمەن 17 ساڵ كە منداڵێكی عەرەبە، بەخشندەیە. بەڵام یاساكە هەمان ماف ناداتە منداڵانی كوردی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان تاوەكو لە سێبەری خانەكەدا، مەینەتییەكانی بێ دایك و باوكی لەسەریان سووكتر ببێت.
ماڵی كوڕانی نەوجەوانان، ئەو خانەیەی منداڵانی بێ سەرپەرشتی خوار تەمەن 18 ساڵ رووی تێدەكەن و تێیدا دەمێننەوە، ژمارەیەك منداڵی تێدایە كە (م.ع) یەكێكە لەوان. ئەو كە خوێندكاری ئامادەییە، ماوەی حەوت ساڵە لەو خانەیەیە "بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكم هێنامیانە ئێرە، لێرە ژیانێكی خۆشم هەیە".
بەڵام ئەو مێردمنداڵە دوای ماوەیەكی دیكە كە تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، دەبێ خانەكە جێبهێڵێت "خەم دامدەگرێ و دەبێت شوێنێك بدۆزمەوە تێیدا بژیم، ئەوەش پێویستی بە پارەیە و ئەو بڕە پارەیەش كە لێرە بۆم دابینكراوە دەبڕدرێت".
بەڵام یاسای ژمارە (5)ی چاودێری كۆمەڵایەتی كە لە ساڵی 1986ەوە كاری پێدەكرێت، ئەو مافە بە منداڵانی ئاوارە و بێ دایك و باوكی رۆژئاوای كوردستان نادات.
ئەو یاسایە مەرجێكی دیاریكردووە بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت، دەبێت ئەو منداڵانەی لەو خانەیە وەردەگیرێن خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی و فەلەستینی بن. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لەلایەن چاودێریی كۆمەڵایەتی پێكهێنراوە تاوەكو پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكرێت بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان هەمواری یاساكە بكاتەوە. چونكە یاساكە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا ناگونجێت.
ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری ماڵی كوڕانی نەوجەوانان، سەبارەت بە منداڵانی نێو خانەكە دەڵێ، ئەو منداڵانەی لەم خانەیە دەمێننەوە هەریەكەیان كێشەیەكیان هەیە، یان ئەو منداڵانەن كە لەلایەن دادگاوە بۆیان رەوانە دەكرێت.
ئەنوەر عومەر دەڵێت بەهۆی رەوشی ئێستای كوردستان چاوپۆشییان لەو یاسایە كردووە كە دەبێت بۆ وەرگرتنی منداڵ كاری پێبكەن "یاساكە دەڵێت دەبێت تەنیا منداڵی عێراقی و فەلەستینی وەربگرین، بەڵام ئێمە 6 منداڵی رۆژئاوای كوردستانیشمان وەرگرت".
ناوبراو گوتیشی "ئەو منداڵانە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی كوردستان بوون و لە دایك و باوكیان دابڕابوون، بۆ ئەوەی لەسەر جادە نەمێننەوە، بە بڕیاری دادگا بۆ ئێمە نێردران، بەڵام دواتر درانەوە كەسوكاریان".
لە ژوورەوە 24 منداڵی بێ دایك و باوك هەن. بەڕێوەبەری خانەكە كە نەیهێشت قسە لەگەڵ منداڵەكان بكرێت، گوتی "مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵانی نێو خانەكە كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی پێشتر لەناو خێزانەكانیان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە".
هەر منداڵێك لەوێ مانگانە 100 بۆ 115 هەزار دینار وەردەگرێت تاوەكو ئەو كاتەی تەمەنی لە 18 ساڵ تێپەڕ دەكات، دواتر ئەو منداڵە لە خانەكە نامێنێت "لێرە ناتوانین منداڵ بدەین خێزانێك بۆ بەخێوكردن، تەنیا ئەو منداڵانە نەبێت كە خێزانەكانیان دیار نەبن".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە خانەی كچان و كوڕان 42 منداڵی بێ سەرپەرشت هەن كە تەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 17 ساڵیدایە، هەندێكیش لەو منداڵانە خوشك و بران.
نیان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری خانەی كچان دەڵێت وەرگرتنی منداڵ لێرە هەندێكجار پێچەوانەی یاسای خانەكەیە، چونكە لە یاساكەدا هاتووە نابێت ئەو منداڵەی لێرە وەردەگیرێت نەخۆشیی دەروونی هەبێت "بە داخەوە منداڵمان هەیە كێشەی مێشكی هەیە و منداڵیشمان هەیە لە رووی دەرونییەوە گرفتی هەیە".
گوتیشی "وەرگرتنی منداڵی ئاوارە، پێچەوانەی یاساكەیە و منداڵێكی زۆر دەهێننە ئێرە بەتایبەتی ئەو منداڵانەی دایك و باوكیان جیابوونەتەوە، بەڵام ناكرێت هەموو منداڵێك كە دایك و باوكی جیابووبێتەوە لێرە وەربگیرێت، چونكە رێژەی جیابوونەوە زۆرە".
محەممەد عەلی، توێژەرێكی كۆمەڵایەتی، لە خانەی نەوجەوانان، سەبارەت بەمنداڵی ئاوارە و بێ سەرپەرشت گوتی، ئەو منداڵانە دووجار ئاوارەن، یەكەمیان ئاوارەبوون لە زێدی خۆیان، دووەمیش دابڕان و بێبەش بوون لە سۆزی دایك و باوكیان، ئەوەش تەنیا كێشە و دواكێشەی ئەو منداڵانەیە.


