كاروان لە ئاوارەییدا خۆی كوشت

07-09-2019
دیمەن بورهان
A+ A-

رووداو - هەولێر

پێدەچێ‌ كاروان مەبەستی بووبێ‌ هۆكاری مردنەكەی هەر بە نەزانراوی بمێنێتەوە، چونكە دوای خۆی هەموو ئەو شتانەی لەنێوبردوون كە دەكرا پۆلیس یان كەسوكارەكەی بەهۆیەوە بزانن بۆچی خۆی كوشتووە؟ ئێستا كەسوكارەكەی عەوداڵی وەڵامی ئەو پرسیارەن.


رۆژی 21/8/2019 گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ بەناوی كاروان رۆكان كە ئاوارەی كەركووك بوو، لەسەربانی ماڵەكەیان لە قەزای بنەسڵاوە، بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خێزانەكەی كاروان دانیشتووی گوندی عەلی سەرای سەر بە قەزای داقووقن، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئاوارە بوون و لە قەزای بنەسڵاوە دادەنیشن.

رۆكان خاسیار، تەمەن 53 ساڵ كە باوكی كاروانە و خاوەنی پێنج كوڕ و حەوت كچە لە دوو ژن، بە (رووداو)ی گوت: "كوڕەكەم تا بڵێی گەنجێكی بە رەوشت و قسەخۆش بوو. قوتابی شەشی ئامادەیی بوو، بەهۆی كوردبوونمان لە شازدەی ئۆكتۆبەر ئاوارە بووین و منداڵەكانم لە خوێندن دابڕان". كاتێك ئاوارە بوون، كاروان نەچووەوە قوتابخانە، بەڵكو دەستی بە كاری بۆیاغ و دیكۆری خانوو كرد.

باوكی كاروان دوایین دیدار و قسەكانی خۆی و كوڕەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "سەعات یەكی شەو بوو گەڕامەوە ماڵەوە، بینیم كاروان لەبەر دەرگا جگەرە دەكێشێ‌، پێمگوت كوڕم كات درەنگە با بچینە ماڵەوە، چووینە ژوورەوە، گەلێك سوعبەت و قسەی خۆشمان كرد، پاشان چووە نهۆمی سەرەوە بۆ ئەوەی بخەوێ‌، بەڵام بەیانی لەگەڵ قیژە و هاواری دایكی بە ئاگا هاتین و بینیمان كاروان خۆی كوشتووە".

باوكی كاروان دەڵێت هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی سەرەداوێكیان دەستبكەوێ‌، تاوەكو بزانن كوڕەكەیان بۆچی خۆی كوشتووە، بەڵام هیچیان دەستنەكەوتووە. رۆكان گوتی: "كاروان پێش خۆكوشتنی سێ‌ سیمكارتی شكاندووە، نازانم بۆچی شكاندوونی، تەنیا یەك ژمارەی لەلای من بوو، فەیسبووكەكەشی سڕیوەتەوە. ئامێری مۆبایلەكەشی فڕێداوەتە نێو ئاو". 

گوتیشی: "هاوڕێكانی دەڵێن كاروان كچێكی خۆشویستووە، كچەكە وازی لێ هێناوە بەڵام ئێمە نازانین ئەوە راستە یان نا، چونكە هیچ شتێكی لەلای ئێمە باس نەكردووە".

سدیقە مەجید كە دایكی كاروانە، یەكەم كەس بووە چووەتە سەر تەرمی كوڕەكەی. سدیقە گوتی: "سەعات شەشی بەیانی بەئاگا هاتم، بینیم كاروان بە ئاگایە، لێمپرسی ئەوە نەخەوتووی؟ گوتی: دایكە خەوم نەدەهات، كەمێكی دیكە دەخەوم".

سدیقە چوو بوو بۆ چێشتخانە نانی بەیانی ئامادە بكات، دوای ئەوەی نانی بەیانی ئامادە كردبوو بانگی كاروانی كردبوو نانەكەی بخوات، بەڵام وەڵامی نەدابووەوە.

سدیقە دەڵێت :"كاتێك نانم حازر دەكرد، بینیم كاروان لە نێو ماڵەكەدا دەگەڕێ‌، پاشان چوو بۆ سەربان، من هەستم بە هیچ شتێكی نامۆ نەكرد، تەنیا گوێم لە تەپەیەك بوو، وامزانی كاروانە و خۆی لە كەلوپەلی سەربان داوە. كە نان ئامادەبوو بانگم كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە. چوومە سەربان، خوایە ئەوەی من بینیم دوژمنەكەشم نەیبینێ‌، كاروان خوێنی لەبەر دەڕۆیشت، بە چەكی براكەی كە كارمەندی ئاسایشە خۆی كوشتبوو".

ملازم سەعید كە ئامۆزای كاروانە، سەبارەت بە خۆكوشتنی كاروان دەڵێت راستە دەنگۆیەك هەیە كە ئەو لەبەر كچێك خۆی كوشتووە، بەڵام ئێمە لەوە دڵنیانین.

ماڵی باوكی كاروان ئێستا خانووەكەیان جێهێشتووە و چوونەتە گەڕەكێكی دیكە. كاتێك باسی حاڵەتی خۆكوشتنی ئەو گەنجەمان بۆ تەها حوسێن والی، پسپۆڕی دەروونی لە سلێمانی كرد، ئەو گوتی: "ئێستا زۆر لە گەنجان بەهۆی یاری ئەلیكترۆنی، یان بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناخەون. زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەكانیش لە حاڵەتی بێخەوی دەردەكەون. هەر نەخۆشێك كە دێتە لامان پرسیاری كاتی خەوتن و ماوەی خەوتنەكەی لێدەكەین، پێویستە پێش یازدەی شەو بخەوین، چونكە یازدە بۆ دووی شەو تایبەتە بە رێكخستنی هۆڕمۆنی  پشوودان و نەمانی گرفتە دەروونییەكان، ئەگەر بەردەوام نەخەوین، ئەوە تووشی خەمۆكی و تووڕەیی و چەندین نیشانەی دیكەی نەخۆشیی دەروونی دەبین".

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو رووداوە رایگەیاند: "كاژێر حەوت و نیوی بەیانی رۆژی 21ی ئاب، پۆلیسی بنكەی بنەسڵاوە لە حاڵەتێكی خۆكوشتن ئاگادار كرانەوە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ بەناوی كاروان رۆكان خاسیار، بە چەكی كلاشینكۆف خۆی كوشتووە، پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بزانێ‌ هۆكاری خۆكوشتنی ئەو گەنجە چی بووە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.