رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی گەیشتە بەغدا و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانییە و ئەندامانی دیکەش پێکدێن لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی، فوئاد حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر ئیمنیکی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 07-08-2023) شاندەکە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی کارنامەی پێکهێنانی حکومەت کۆببێتەوە و دواتر لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکان کۆدەبێتەوە.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، زۆرینەی لایەنە شیعەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان و چەندین لایەنی دیکە لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کارنامەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
رۆژی یەکشەممە 06-08-2023 شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، کات دیاریکرابوو بۆ دەرکردنی هەندێک یاسا، بەڵام یاساکان دەرنەکراون، "بۆ نموونە، یاسای نەوت و گاز دەبووایە شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی دەرکرابا، بەڵام ئەوە بووەتە نۆ مانگ و هێشتا خاڵی ناکۆک زۆرن. هەروەها تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی دەرنەکردووە."
بەگوتەی شوان محەممەد، دەرنەکردنی رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانییەتی و دەشڵێت، حکومەتی عێراق مووچە بۆ کارمەندانی ژێر دەسەڵاتی خۆی خەرج دەکات، بەڵام "دوو مانگە مووچەخۆرانمان لە هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەمە تەنگ پێ هەڵچنینە و دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دژی حکومەتەکەیان ببنەوە."
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەنێو بارەگای بارزانییەوە لە ناوچەی سەوزی بەغدا زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی پارتی دەخاتەڕوو:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ