رووداو دیجیتاڵ
هەشت مانگە دووکاندارەکانی قەیسەریی کەرکووک گرێبەستیان تەواو بووە و شوێنەوار بۆیان تازەناکاتەوە، خاوەن دووکانەکان دەڵێن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار بیانوویان پێ دەگرێت تاوەکو ئەوان بەدەرەوە بنێت و خەڵکی دیکە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بێنە شوێنیان.
زۆربەی دووکاندارەکانی قەیسەریی کەرکووک زیاتر لە 30 ساڵە لەنێو قەیسەرییەکەدا دووکانیان هەیە. فەرمانگەی شوێنەواری کەرکووک دەیەوێت خەڵکانێکی دیکەی شارەکانی عێراق بهێنێتە نێو قەیسەرییەکە و بەشداری لە زیادکردنی ئاشکرادا بکەن و ببن بەخاوەن دووکان.
خەلیل جەواد، زێڕنگڕە و دووکانی لە قەیسەرییەکەدا هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ئەوانەی بۆ زیادکردن لەسەر دووکانەکان هاتوون، پێنج کەسن و خەڵکی کەرکووک نین، لە ناسرییە، دیالە و بەغداوە هاتوون، "ئەمانە کە هاتوون بۆ ئێرە، زیاتر ئامانجیان کردنەوەی دووکان نییە، ساڵی رابردووش هاتن و بە ئاشکرا دەیانگوت هەر دووکانە و چوار هەزار دۆلارمان بدەنێ، دەکشێینەوە. ئەمساڵیش بۆ هەمان مەبەست هاتوون و داواکارییەکەیان روونە."
لەدژی بڕیارەکەی فەرمانگەی شوێنەواری کەرکووک، خاوەن دووکانەکانی قەیسەری خۆپێشاندانیان کرد و رەتیانکردەوە دووکانەکانیان چۆڵبکەن و بە گوشار کاتی راگەیاندنی زیادکردنی ئاشکرایان دواخست، داواشیان کرد لەبری ساڵێک، سێ ساڵ جارێک، گرێبەستی دووکانەکانیان بۆ نوێ بکرێتەوە."
رزگار جومعە، نوێنەری خۆپیشاندەرانەکان گوتی "ئێمە، وەکو دووکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری، هەموو سێ ساڵ جارێک دووکانەکانمان دەخرایە زیادکردنی ئاشکرا و ئێستا کراوە بە هەموو ساڵێک، ئێمە کێشەی سەرەکیمان لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوارە، تەنیا لەم پسووڵەیەی دەستمدا 60 ملیۆن دینار دیار نەماوە، ساڵی رابردوو گرێبەستیان لەگەڵمان کرد و دەڵێین کوا گرێبەستەکان؟ دەڵێن 'نییە'، ئەمانە پارەیان دەوێت و ئێمەش پارەیان پێ نادەین."
دووکانەکانی قەیسەری موڵکی فەرمانگەی شوێنەواری کەرکووکن، ئەو فەرمانگەیەش دەڵێت، هەموو عێراقییەک مافی ئەوەی هەیە بێتە کەرکووک و دووکانی هەبێت، "ئێمە رێگرنین و کارئاسانییان بۆ دەکەین."
هادی محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کەرکووک بە رووداوی گوت "مافی هەر هاونیشتمانیێکی عێراقییە بێتە نێو زیادکردنی ئاشکراوە، بە مەرجێک ناسنامەی عێراقی هەبێت و یاسایەکمان نییە تاوەکو رێگرییان لێبکەین، جا رۆڵەی کەرکووک بێت یان بەغدا، بەسرە و هەولێر، (هەموو عێراقییەک) مافی ئەوەی هەیە بێتە نێو زیادکردنی ئاشکرا و لەسەر خاوەن دووکان یەک یان دوو زیادکردن بکات و هیچ تایبەتمەندیێک بەخاوەن دووکانی پێشوو نادرێت".
ئەگەرچی کرێی ساڵێکی هەر دووکانێک لە قەیسەریی کەرکووک، یەک ملیۆن دینارە و بڕیار وایە بۆ ملیۆنێک و 100 هەزار دینار بەرزبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارەکەی شوێنەواری کەرکووک بازاڕی دووکاندارەکانی قەیسەری سست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ