وەزیری کاری عێراق: ناوی 15 هەزار مردوومان لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سڕیوەتەوە

07-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق نزیکەی 15 هەزار ناوی مردوویان لە مامەڵەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییان لابردووە، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانە لە ژیاندا نەماون.
 
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، مامەڵەی 14 هەزار و 600 کەسیان لە هاوکاریی کۆمەڵایەتی سڕیوەتەوە، دوای ئەوەی زانیارییەکانیان لەگەڵ ئەوانی دیکە دژیەک بوون.
 
هاوکات، ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت: "لابردنی ناوی مردووان لەنێو تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دوای وردبینیی بووە لە ناوەکان."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە چوارچێوەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە مەبەست لێی هاوکاریکردنی کەسانی کەمدەرامەت و هەژار و خاوەن پێداویستیی تایبەتە، دوو ملیۆن و 151 هەزار خێزان کە زیاتر لە 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس دەکات سوودمەندن، بۆ ئەم ساڵ ژمارەکە بۆ نزیکەی 8 ملیۆن زیاد دەبێت. 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کۆی ئەو 16 تریلیۆن و 562 ملیار دینارەی عێراق لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات خەرجیکردووە، 11 تریلیۆن 585 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بووە، واتە 69.9٪ـی خەرجییەکان.
 
کۆی گشتیی خەرجییەکانی عێراق لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵ کە16 تریلیۆن و 562 ملیار و 551 ملیۆن دینار بووە بەمشێوەیە دابەشبووە:
 
- خەرجیی بەردەوام: 15 تریلیۆن و 293 ملیار و 665 ملیۆن دینار
 
- خەرجیی وەبەرهێنان: تریلیۆنێک و  268 ملیار و 886  ملیۆن دینار
 
خەرجییە بەردەوامەکانیش بەسەر ئەم بەشانەدا دابەشبووە:
 
1- مووچەی فەرمانبەران: 8 تریلیۆن و 121 ملیار دینار 
2- چاودێریی کۆمەڵایەتی: سێ تریلیۆن و 462 ملیار دینار
3- بەخشین و یارمەتی و سوو و خەرجیی دیکە: تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە