رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەش کرد، یەکێک لە تووشبووەکان بە وەرگرتنی پلازمای خوێنی چاکبووەکانی پێشووتر چاکبووەتەوە و سەرکەوتووبوون لە تاقیکردنەوەکەیان.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، دوای چارەسەر و چاودێری، حەوت تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سلێمانی چاکبوونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سلێمانی چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 85 کەس.
لە کۆی 116 تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا تەنیا 28 تووشبوو ماونەتەوە، ئەمەش دوای چاکبوونەوەی 85 تووشبوو و گیانلەدەستدانی سێ لە تووشبووەکان.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 289 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 117 کەسیان چاکبوونەتەوە و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.



