رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی تورکیا گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
میدیای فەرمیی تورکیا رۆژی هەینی، 7ی شوباتی 2025 بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت)دا موراد کەلەش ناسراو بە (بەرخودان هارون) لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، موراد کەلەش لە لیستی داواکراوانی تورکیادا بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کەلەش لە ساڵی 2016 بەشداری لە هێرشێک بۆ سەر شارۆچکەی ئەلکێی سەر بە پارێزگەی شرنەخی باکووری کوردستان کردووە.
میدیای تورکیا ئاماژەی بە رۆژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە، بەڵام ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رۆژی 29ی کانوونی دووەمی 2025 بڵاویکردەوە، رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2024 و لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای تورکیادا بۆ سەر ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان، بەرخودان هارون گیانی لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ