رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەسەر ئاستی عێراق رۆژانە زۆرترین پاسپۆرت دەردەکات، کە دەگاتە 800 پاسپۆرت، دەشڵێت، داوایان لە زانکۆی سلێمانی کردووە بۆ توێژینەوەی دەرچوونییان خوێندکارەکانیان لەسەر ئەو بابەتە توێژینەوە بکەن و هۆکارەکەی بزاندرێت.
رۆژی دووشەممە، 6-11-2023، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا لەنێو شاری سلێمانی رۆژانە 700 بۆ 800 پاسپۆرت دەردەکرێت، لە سەرجەم پارێزگای سلێمانیش ژمارەکە رۆژانە زیاتر لە هەزار پاسپۆرت دەبێت، وەکو شار، سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین پاسپۆرتی تێدا دەردەکرێت کە ئەوە بەلای ئێمەشەوە سەیرە، هۆکارەکەشی تەواو نازانین، بۆیە داوامان لە زانکۆی سلێمانی کە خوێندکارەکانیان توێژینەوە لەسەر ئەو بابەتە بکەن."
عەمید سالار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، "رۆژانە هاووڵاتییەکی زۆر بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت روویان تێدەکەن و قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت، تەنانەت بەهۆی ئەو قەرەباڵخییەوە دوێنێ دیوارێکی باڵەخانەکەمان رووخا."
سەبارەت بە سیستەمی نوێی پاسپۆرت، کە سیستەمی ئەلیکترۆنییە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی گوتی، "سیستەمی نوێ چوار هێندەی سیستەمی کۆن پارەی تێدەچێت، واتە دەرهێنانی پاسپۆرت بە سیستەمی کۆن 25 هەزار دینارە، ئێستا 91 هەزار دینارە و بە رسومات و کۆمەڵێک پارەی دیکە کە وەردەگیرێت دەچێتە زیاتر لە 100 هەزار دینار، بەڵام دەرهێنانی پاسپۆرت هێشتا وەکو جارانە و زیادیکردووە."
لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی کارکردن بە سیستەمی کۆنی پاسپۆرت، عەمید سالار عەبدوڵڵا گوتی، "لەمانگی ئاداری ساڵی داهاتووەوە سیستەمە کۆنەکە رادەوەستێت و تەنیا کار بە سیستەمی نوێی پاسپۆرت دەکرێت کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییە."
رۆژی دووشەممە، 06-03-2023، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستیپێکرد.
پاسپۆرتەکە تایبەتمەندی تەکنیکی بەرزە و بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی نێودەوڵەتیی (ICAO)ـیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "نزیکەی 85٪ـی رێکارە کاخەزی و کارگێڕییەکان کەمدەکاتەوە و لە ماوەی رۆژێکدا هاووڵاتی پاسپۆرتی بۆ دەردەچێت."
پاسپۆرتى ئەلیکترۆنى کە جێگەى پاسپۆرتى ئێستا دەگرێتەوە، بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، 17 نیشانەى تایبەتى هەیە بۆ رێگرى لە ساختەکردنى.
پاسپۆرتى عێراق لە پلەى 94ـدایە لە ریزبەندى پاسپۆرتەکانى جیهان، لەکاتێکدا پاسپۆرتى سووریا لە پلەی 95 و پاسپۆرتى ئەفغانستان لە پلەی 96ـی کۆتایی ریزبەندییەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ