لە 15 ساڵی رابردووەوە یەکگرتوو بە دووەم هێزی گەورەی پارێزگای دهۆک لە رووی جەماوەرەوە لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولدا ژمارەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی 12ـی ئایار، 10 هەزار دەنگ کەمیکردووە.
بەرپرسانی یەکگرتوو لە دهۆک دەڵێن، هەڵبژاردنی ئەمجارە لە بادینان پاکترین هەڵبژاردنی چەند ساڵی رابردوو بووە لە کوردستان، زۆربەی بەرپرسانی یەکگرتوو پێیانەوایە کێشەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی یەکگرتوو پەیوەندی بە ئەدای ئەو حیزبەوە هەیە.
بەپێی ئامارەکانی ژووری هەڵبژاردنی یەکگرتوو، ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان 186 هەزار و 642 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمساڵ بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 69 هەزار و 477 دەنگی بەدەستهێناوە و ئەمەش بە خراپترین ئەدای خۆی دەژمێرێت، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار



