رێنمایی تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینە لە کەفیل هەڵوەشێندرایەوە

06-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کەمپی ئاوارەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرەی لە دەستەبەر (کەفیل) هەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوو بە گێڕانەوەی ئەو قەرز و  پێشینانەی لەسەر هاووڵاتییان بوون.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە 10532ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 3-9-2023 بەناونیشانی "رێنمایی دارایی ژمارە 10ـی ساڵی 2023" دەرچووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پێشینەکان بوو لە کەفیلی ئەو کەسانەی قەرزیان لە حکومەت وەرگرتووە.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە "لەسەر فەرمانی رێزدار سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەچاوکردنی بارودۆخی ئێستای هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە 10284 لە رۆژی 20-8-2023 بڕیاردرا بە: هەڵوەشاندنەوەی رێنماییمان ژمارە 9ـی ساڵی 2023ـی تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە لەدەستەبەر(کەفیل)."
 
بڕیارەکە گشتاندنی بۆ زیاتر لە 30 دامودەزگای هەرێمی کوردستان پێ کراوە.
 
ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی لەکاتێکدایە، رۆژی 3ـی تەمموزی 2023، شیرین حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پێشووی بانكه‌ پسپۆڕییه‌كانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو دوو مانگەی کە پێویستە تێیدا هاونیشتمانییان قەرزی پێشینەکانیان بگەڕێننەوە، لە 19ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 19ـی مانگی ئاب دەبێت؛ دوای ئەو کاتە، هەرکەسێک قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە، لە مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
 
بەگوتەی شیرین حوسێن، بانکەکان 4.024 تریلیۆن دیناریان لە رێگەی پێشینەکانەوە بە قەرز داوەتە هاونیشتمانییان، بەڵام 1.9 تریلیۆن دینار لەو پارەیە گەڕێندراوەتەوە بۆ بانکەکان و 2.054 تریلیۆن دینار لای هاونیشتمانییان ماوە.
 
سەبارەت بە رێنوێنیی دارایی ژمارە 9ـی ساڵی 2023ـی تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی (هاوسەرگیری، نیشتەجێبوون، خانووبەرە) لە دەستەبەر (کەفیل)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی دەڵێت "پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بەپێی یاسای عێراقی کراوە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی رەچاوی قەیرانی دارایی کردووە و ئاسانکاریی زۆری پێشکێش کردووە بۆ چۆنیێتیی گەڕاندنەوەی قەرزەکان."
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان، 28 بانكی پسپۆڕی هه‌ن، كه‌ پێشینه‌یان بە هاونیشتمانییان داوە و بریتین له‌ بانكی خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، قەرزی بچووک و كشتوكاڵ و نیشته‌جێكردن.
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 15% داشکاندنی بۆ ئەو کەسانە کردبوو کە قەرزی پێشینەیان پێکەوە دەگەڕاندەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.