رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرز بووە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 157 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 156 هەزار و 700 دینار دەفرۆشرێت".
لە سلێمانی 100 دۆلار بەرامبەر 156 هەزار و 500 دینارە.
دوێنێ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلار بە 158 هەزار دینار بوو، رۆژی پێشتر (19ی ئەیلوول) 100 دۆلار گەیشتە 159 هەزار و 750 دینار.
حاجی سابیر باواجی گوتی: "هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار چەند بابەتێکە، گرنگترینیان دەست پێکردنەوەی حەواڵەیە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ چین، هەروەها گەشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکاش کاریگەریی هەبووە".



