هێرشە درۆنییەکەی دۆڵی بالیسان؛ دوو گەریلای پەکەکە کوژراون و دووی دیکەش بریندارن

06-09-2022
گۆڤەند مستەفا
شوێنی رووداوەکە لە دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری ناحیەی خەلیفان
شوێنی رووداوەکە لە دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری ناحیەی خەلیفان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەوی دووشەممە، بە درۆن ژمارەک گەریلای پەکەکە لە دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری ناحیەی خەلیفان کرانە ئامانج و بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە فەرماندەیەکی پێشمەرگەوە وەریگرتووە، دوو گەریلا کوژراون و دووی دیکەش بە برینداری کەوتوونەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
 
سەرەتای رووداوەکە، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، چوار مووشەک ئاراستەی دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری خەلیفان کراون. دواتر روونبووەوە کە بە درۆن هێرشەکە کراوە.
 
شایەتحاڵێک لە گوندەکە کە ڤیدیۆی ساتی بۆردوومانەکەی تۆمارکردووە و بۆ رووداوی ناردووە ئاماژەی بەوە کرد، بۆردوومانەکە دەنگێکی زۆری هەبوو و خەڵکەکە هەستیان بە ترس و دڵەڕاوکێ کرد.
 
دواتر دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی رووداوەکەی سنووری خەلیفان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاژێر 20:10 خولەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە دۆڵی بالیسان کردووەتە ئامانج.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، "مەفرەزە چەکدارەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە دەربازبوون و لە دۆڵی بالیسان لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج."
 
لەبارەی تەوای رووداوەکە یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە، قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو کردووە و وێنەی ئەو گەریلایانەشی بە تۆڕی میدیایی رووداو داوە کە لە شوێنەکە کوژرابوون.
 
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەچنە شوێنی رووداوەکە و بۆیان دەردەکەوێت هێرشەکە کراوەتە سەر ژمارەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کە پیادە بوونە و ئۆتۆمبێلیان پێ نەبووە، بەڵکو بە پیادە لە سنووری راپەڕینەوە بەرەو دۆڵی بالیسان هاتوون، کاتێک گەیشتوونەتە نێوان گوندی تاراوە و خەتێ، کراونەتە ئامانج.
 
لەبارەی ئەو شوێنەی کە بۆردوومان کراوە، بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو دەڵێت: گوندی تاراوە دەکەوێتە ئەودیوی بازگەی گردەزۆر کە هێزی ئاسایشی لێیە، لە سنووری خەتێ-ش هێزی ئاسایشی لێیە، واتە ئەو شوێنەی کە رووداوەکەی لێ روویداوە دەکەوێتە نێوان هەردوو بازگەکە.
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە یەکێک لە گەریلاکان پارچە پارچە ببوو، کەڵکی ئەوەی نەبوو وێنەشی بگرن، یەکێکیشیان بە تەواوی سووتابوو. دوو گەریلاش یەکێکیان بە سەختی و ئەوەی دیکەیان بە سووکی بریندار ببوو.
 
سەبارەت بە دەنگی ئەو تەقانەی لەدوای بۆردوومانەکە بیستراوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت: کاتێک هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان و ئەو پێشمەرگانەی لە فەرماندەیی کارۆخەوە چوونەتە ناوچەکە بۆ کێوماڵی ناوچەکە، جارێکی دیکە فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە، بۆیە ناوچەکەیان چۆڵکردووە، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکە نامێنێت دیسان هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە چوونەتەوە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە چەند گەریلایەک ماون.
 
هێزەکانیش کاتێک بەدەم یەکێک لە بریندارەکانەوە دەچن، دەنگی تەقەیەک دەبیسترێت، ئەو هێزانەش تەقەی هەوایی دەکەن، بەڵام دەرکەوتووە تەقەکە لەلایەن یەکێک لە بریندارەکانەوە کراوە، یەک گوللـەی هەوایی تەقاندووە بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچن. هێزەکەش چوون بریندارەکانیان بە ئەمبوڵانس گواستووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هۆڵێکی تاقیکردنەوە لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پەروەردەی سلێمانی: پێداچوونەوەی پەڵپگرتنی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی کەمتر لە 48 کاژێر دەخایەنێت

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو 25ـی تەممووز، دەرگەی قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی پەڵپی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە نمرەکانیان کراوە دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قوتابیان دەتوانن لە نمرەی هەر وانەیەک بیانەوێت، پەڵپ بگرن.