رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری سیروانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دروێنەی برنج لە رووبەری هەزار و 500 هێکتار زەوی دەستیپێکرد. پێشبینی دەکرێ لەم وەرزەدا زیاتر لە پێنج هەزار تۆن برنجی سپی لە کێڵگەکانی ئەو ناوچەیە بەرهەم بهێندرێ.
عەلی حوسێنی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سیروان رایگەیاند: "هەزار و 500 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سیروان بۆ مەرەزە تەرخانکراون و پێشبینی دەکرێ زیاتر لە پێنج هەزار تۆن برنجی سپی لەم کێڵگانە دروێنە بکرێ و بخرێتە بازاڕەوە."
سەبارەت بە مەرەزەی ناوچەکە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سیروان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو جۆرانەی لە سنوورەکەدا هەن بریتین لە "عەنبەربۆ، زەیغەمی، هاشمی و پاکوتا"؛ گوتیشی، ئەم هەمەجۆرییە بەرهەمی ماندووبوون و هەوڵی جووتیارانی سیروانە کە خاوەنی ئەزموونێکی دێرینن لە بەرهەمهێنانی برنجدا.
لەبارەی کاتی دروێنەکردنی بەرهەمەکە، حوسێنی روونیکردەوە کە وەرزی دروێنە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی هەمان مانگ بە بەشداریی بەرفراوانی خێزانەکان بەردەوام دەبێت.
سنووری شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام بە یەکێک لە ناوچە دیارەکانی بەرهەمهێنانی برنج لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێ.


.jpg&w=3840&q=75)